سه‌ركرده‌یه‌كی توركمان: له كه‌ركوك ده‌بێت له‌گه‌ڵ كورد رێكبكه‌وین
وێستگه‌نیوز-
سه‌ركرده‌یه‌كی توركمانه‌كانی كه‌ركوك رایده‌گه‌یه‌نێت كه مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك نه‌ك ته‌نها به‌ده‌ست پێكهاته‌كان نییه، به‌ڵكو كه‌ركوك دۆسییه‌كی هێنده گه‌وره‌یه به‌ته‌نها به‌ده‌ست حكومه‌تی عێراقیشه‌وه نییه، به‌ڵكو ئێران و توركیا و ئه‌مریكا ڕۆڵیان هه‌یه له‌مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوكدا.
نه‌جات حسێن، سه‌ركرده‌ی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی و ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌سه‌ر لیستی به‌ره‌ی توركمانی، به ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند كه "گه‌ر كورد زۆربه‌ی كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكی به‌ده‌ستهێنا، ده‌بێت وه‌كو توركمان له‌گه‌ڵی رێكبكه‌وین و نابێت خۆمان به‌عه‌ره‌به‌وه گرێ بده‌ین، چونكه گه‌ر عه‌ره‌ب به‌ته‌نها چووه دانوستانه‌وه له‌گه‌ڵ كورد، ئێمه په‌راوێز ده‌خرێین".
وتیشی: "هه‌ندێك له‌سه‌ركرده‌كانی به‌ره‌ی توركمانی هه‌ر ده‌ڵێن دژی كوردین، عه‌ره‌بیش ئه‌م مه‌سه‌له‌ی قۆستووه‌ته‌وه و دواتریش به بێ توركمان ده‌ڕواته گفتووگۆوه له‌گه‌ڵ كورد، ئێمه‌ش وه‌كو توركمان هیچمان ده‌ست ناكه‌وێت".
به‌پێی ئه‌نجامه به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، كه ئێواره‌ی سێشه‌مه له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه ڕاگه‌یه‌نرا، به‌ره‌ی توركمانی 71 هه‌زار و 281 ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه، له‌كاتێكدا له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2021ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نزیكه‌ی 85 هه‌زار ده‌نگی هێنابوو.
نه‌جات حسێن، ده‌ڵێت: "ئێمه وه‌كو توركمان 130 هه‌زار ده‌نگده‌رمان له‌كه‌ركوك هه‌یه، رێژه‌ی به‌شداری توركمان له‌هه‌ڵبژاردن وه‌كو پێویست نییه، چونكه ده‌نگده‌رمان نائومێدن له سه‌ركردایه‌تی و سیاسییه توركمانه‌كان".
ئه‌وه‌ش خسته‌ڕوو كه "هیچ بۆ توركمان نه‌كراوه، سیاسییه‌كان ده‌وروبه‌ر و خزمه‌كانی خۆیان داده‌مه‌زرێنن، پرۆژه به پاره كڕین و فرۆشتنی پێوه ده‌كرێت، ناوچه‌ی موسه‌ڵای توركماننشین زبڵ خواردوویه‌تی".
له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و له‌گه‌رمه‌ی ململانێی نێوان پێكهاته‌كاندا، حه‌سه‌ن تۆران سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی و راكان جبوری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی عه‌ره‌بی كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامیان هه‌بوو.
نه‌جات حسێن له‌و باره‌وه باس له‌وه ده‌كات كه "ئێمه غه‌شیمین، به‌ره‌ی توركمانی مه‌یلیان به عه‌ره‌بدایه. سیاسه‌ت به عینادی ناكرێت، ده‌بووایه وه‌كو توركمان چاوه‌ڕوانی یه‌كلاییبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنمان بكردایه، هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك نیوه كۆ یه‌كی ده‌نگه‌كانی هێنا له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه دانوستان بكه‌ین".
هه‌رچه‌نده تا ئێستا ئه‌نجامی كۆتایی ده‌نگدانه‌كه رانه‌گه‌یه‌ندراوه، به‌ڵام به پێی ئه‌نجامه به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن، یه‌كێتی له‌كه‌ركوك 5 كورسی و پارتیش دوو كورسی به‌ده‌ستهێناوه، له‌كاتێكدا كوتله عه‌ره‌بییه‌كان 6 كورسی و به‌ره‌ی توركمانیش دوو كورسی به‌ده‌ستهێناوه.
نه‌جات حسێن جه‌ختیشیكرده‌وه كه "گه‌ر كورد براوه‌یه با له‌گه‌ڵی دابنیشن، پۆستی پارێزگار بۆ كورد و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆ توركمان بێت، كورد به‌رامبه‌ر توركمان نه‌رمه و ده‌یدات. به‌رپرسانی توركمان به عینادی مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، نازانم فه‌رمانیان پێكراوه یاخود چی."
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی تاچه‌ند گومانی هه‌یه له پێدانی فه‌رمانی ده‌ره‌كی به سه‌ركرده توركمانه‌كان بۆ خۆ به‌دوورگرتن له ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كورد، نه‌جات حسێن رایگه‌یاند كه "لۆژیك وایه، ده‌بێت دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نی براوه بكرێت نه‌ك لایه‌نی ژماره دوو، چونكه لایه‌نی ژماره دوو عه‌ره‌به و 35 ساڵ ئه‌زموونی حوكمڕانی هه‌یه، دواتر به بێ توركمان له‌گه‌ڵ كورد داده‌نیشێت، توركمانیش هیچی بۆ نامێنێته‌وه".
هه‌ماهه‌نگی نێوان عه‌ره‌ب و توركمان تازه نییه. له ساڵی 2007 هه‌ردوو پێكهاته‌كه پێكه‌وه بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكییان كرد، ئه‌وكاته‌ی كورد خاوه‌نی 26 كورسی ئه‌نجومه‌نه‌كه و توركمان 9 كورسی و عه‌ره‌ب 6 كورسی هه‌بوو له‌كۆی 41 كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه.
سه‌ركرده توركمانه‌كه‌ی كه‌ركوك كه ئه‌وكات ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بوو له كوتله‌ی توركمانی، روونیكرده‌وه كه "كاتێك له ساڵی 2007 له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب بایكۆتی ئه‌نجومه‌نی كه‌ركوكمان كرد، كورد و ئه‌مریكاییه‌كان پێكه‌وه په‌یوه‌ندییان پێوه كردین و داوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ئه‌نجومه‌ن لێكردین، پێیان وتین وه‌رن مه‌رجه‌كانتان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین. توركمان دانوستانی به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ كورد ره‌تكرده‌وه و خۆی به‌عه‌ره‌به‌وه به‌ست، به‌ڵام ئه‌مریكاییه‌كان وتیان، نابێت دوو پێكهاته له‌گه‌ڵ پێكهاته‌یه‌ك دانوستان بكات، ده‌بێت یه‌ك یه‌ك له‌گه‌ڵ كورد دابنیشن، دواتریش له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب دانوستان ده‌كرێت".
نه‌جات حسێن وتی: "توركمان دانوستانی له‌گه‌ڵ كورد ڕه‌تكرده‌وه به‌ته‌نها گوایه خیانه‌ت له عه‌ره‌ب ناكات. من هه‌وڵێكی زۆرم دا به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ كورد دانوستان بكه‌ین و پۆستی جێگری پارێزگار به‌ده‌ست بهێنین، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بێ سود بوون".
به‌پێی وته‌ی نه‌جات حسێن، توشی شۆك بووه كاتێك ئاگاداربووه عه‌ره‌ب به بێ توركمان سه‌رقاڵی دانوستانه له‌گه‌ڵ كورددا.
ئه‌و ده‌ڵێت كه "سه‌ركرده‌كانی توركمانم له دانوستانی عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ كورد ئاگادار كرده‌وه و پێموتن با خێرا بچینه دانوستانه‌وه، كه‌چی سه‌ركرده‌كانی توركمان ره‌تیانكرده‌وه عه‌ره‌ب خیانه‌ت له‌توركمان بكات. كاتێك ڕێككه‌وتنی كورد و عه‌ره‌ب راگه‌یه‌نراو پۆستی جێگری پارێزگار به راكان جبوری درا، ئینجا سه‌ركرده‌كانمان وتیان خیانه‌تمان لێكرا. وتم ئه‌وه سیاسه‌ته خیانه‌ت نییه".
"گه‌ر ئه‌وكات ئێمه له‌گه‌ڵ كورد ڕێككه‌وتباین، ئێستا پۆستی پارێزگار لای ئێمه‌بوو نه‌ك لای ڕاكان جبوری"، نه‌جات حسێن وای وت.
سه‌ركرده‌كه‌ی به‌ره‌ی توركمانی هۆكاری نیگه‌رانی توركمانی له‌لایه‌نه كوردییه‌كان بۆ ئه‌وه گێڕایه‌وه، گوایه ئه‌و لایه‌نانه بانگه‌شه‌ی كوردستانیبوونی كه‌ركوك ده‌كه‌ن "پێموتن بانگه‌شه‌ی لایه‌نه كوردییه‌كان سیاسه‌ته، ئه‌گینا چاره‌نوسی كه‌ركوك لای ئێمه و هیچ پێكهاته‌یه‌ك نییه، كه‌ركوك كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و ئێران و توركیا و ئه‌مریكا ڕۆڵییان هه‌یه تێیدا".
AM:09:52:20/12/2023
ئه‌م بابه‌ته 1132
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت