ئومێد محه‌مه‌د: پارتی و یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك كوردیان له‌ 8 كورسییه‌وه‌ كرده‌ 7 كورسی

‌ئومێد محه‌مه‌د په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق

وێستگه‌نیوز-
په‌رله‌مانتارێكی‌ فراكسیۆنی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ پارتی و یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك كوردیان له‌ 8 كورسییه‌وه‌ كرده‌ 7 كورسی و عه‌ره‌ب و توركمانیان له‌ 7 كورسییه‌وه‌ كرده‌ 8 كورسی.

ئومێد محه‌مه‌د په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك نووسیویه‌تی‌: "كۆمسیارانی پارتی و یه‌كێتی له‌ناو كۆمسیۆن ده‌ستبه‌رداری كورسیه‌كی كورد بوون و دایان به‌ عه‌ره‌ب. كوردیان له‌ 8 كورسییه‌وه‌ كرده‌ 7 كورسی".

ئومێد محه‌مه‌د ده‌ڵێت: "تا ئێواره‌ كورد 8 كورسی هه‌بووه‌ و عه‌ره‌ب و توركمان 7 كورسیان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا دوو كۆمسیاره‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی له‌ ناو كۆمسیۆن كوردیان كرده‌ 7 كورسی و عه‌ره‌ب و توركمانیان كرده‌ 8 كورسی".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "تا عه‌سر لیسته‌كه‌ی راكان جبوری پارێزگاری كه‌ركوك 2 كورسی هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا كردیانه‌ 3 كورسی".

ئه‌م لێدوانه‌ی‌ ئومێد محه‌مه‌د دوای‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دێت كه‌ به‌پێی‌ ئه‌نجامه‌كان، یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان 5 كورسی‌ و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان 2 كورسییان به‌ده‌ستهێناوه‌ و جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ هیچ كورسییه‌كی‌ به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌.



PM:09:37:19/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 3932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو