جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: ئومێده‌وارم به‌ زوویی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك دابنرێت

‌جەعفەر شێخ مستەفا

وێستگه‌نیوزـ

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی رایگه‌یاند، ئومێدەواره‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق، بە زووترین کات پارێزگارێکی کورد بۆ شاری کەرکوک دیاری بکرێت.

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 19ی كانوونی یه‌كه‌می 2023، بڵاویكرده‌وه‌: "هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە کەرکوکی قودسی کوردستانیشی لەخۆ گرتبوو، بۆ ئێمەی نەتەوەی کورد هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بوو، بە تایبەت دوای ئەو سەرکەوتنە مەزنەی کە (لیستی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) بەدەستی هێنا، ئەمەش بە هەوڵ و ماندووبوونی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و کادیران و جەمارە دڵسۆزەکەی یەکێتیی نیشتیمانی بوو، ئەم سەرکەوتنە مەزنەتان لێ پیرۆز دەکەم، گڕوتینی ئێوە و جەماوەر و دەنگدەرە دڵسۆزەکانی ئەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەرز دەنرخێنم".

ده‌شڵێت: "ئومێدەوارم لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ئەم هەڵبژاردنە، بە زووترین کات پارێزگارێکی کورد بۆ شاری کەرکووکی قودسی کوردستان دیاری بکرێت".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

بە بۆنەی سەرکەوتن و باش بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە لە ١٥ پارێزگای عێراق بە کەرکوکی قودسی کوردستانیشەوە لە (١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣) بەڕێوەچوو، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان، دەزگا ئەمنییەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بەم پڕۆسەیە دەکەم کە ئاسایش و ئارامی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیان لە ئەستۆ دابوو و بە بێ دروستبوونی هیچ گرژی ئالۆزییەک لە کەشوهەوایەکی هێمنانە کۆتاییان بەم پڕۆسە پڕ لە دیوکراسییە هێنا.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە کەرکوکی قودسی کوردستانیشی لەخۆ گرتبوو، بۆ ئێمەی نەتەوەی کورد هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بوو، بە تایبەت دوای ئەو سەرکەوتنە مەزنەی کە (لیستی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) بەدەستی هێنا، ئەمەش بە هەوڵ و ماندووبوونی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و کادیران و جەمارە دڵسۆزەکەی یەکێتیی نیشتیمانی بوو، ئەم سەرکەوتنە مەزنەتان لێ پیرۆز دەکەم، گڕوتینی ئێوە و جەماوەر و دەنگدەرە دڵسۆزەکانی ئەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەرز دەنرخێنم.

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ مێژووە پڕ سەروەرییەکەی، هەمیشە بە گرنگییەوە لە شاری کەرکوکی قودسی کوردستانی ڕوانیوە، ئامانجی یەکێتیی بۆ کەرکوک خزمەتکردن و خۆشگوزەرانیی و مافە نەتەوەیی و سیاسیی و ئیدارییەکان بووە، لەپێناو پاراستنی برایەتی و یەکڕیزی نێوان گشت پێکهاتە ڕەسەنەکانی ئەم شارە، دوای پڕۆسەی رزگاركردنی عێراقیش لە ساڵی (2003)وە نوێنەرانی یەكێتیی  نیشتیمانی بوون لە بەغدا کە توانیان ماددەی (58)ی یاسای كاتی عێراق و مادەی 140 لە دەستووری هەمیشەیی عێراق جێگیر بکەن، كە هەردوو یاساکە تایبەتە بە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەکان. 

ئومێدەوارم لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ئەم هەڵبژاردنە، بە زووترین کات پارێزگارێکی کورد بۆ شاری کەرکووکی قودسی کوردستان دیاری بکرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردییەکان، یەکڕیزی و یەک دەنگیان بکەن بە سەرکەوتنێکی تر بۆ خەڵکی ئەم شارە، بۆ ئەوەی بە هەموومان بتوانین خزمەتی خەڵکە دڵسۆز و کوردپەروەرەکەی ئەم شارە زوڵم لێکراوە بکەین، چونکە کەرکووکییەکان هەمیشە پێشەنگ بوونە لە خەبات و قوربانیدان بۆ گەیشتن بە ئازادی و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتیمانیی 
کوردستان 


AM:11:35:19/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 996 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت