كۆنگرێسی ئه‌مریكا داوا ده‌كات هێزی پێشمه‌گه‌ر و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌سه‌ر روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی موشه‌ك و درۆن راهێنانیان پێ بكرێت


وێستگه‌ نیوزـ

کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەبڕیاری بودجەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی (پێنتاگۆن) بۆ ساڵی داهاتوو تێپەڕاند، کە بڕەکەی 886 ملیار دۆلارە و بودجه‌كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ حكومه‌ت ده‌دات موچه‌ی سه‌ربازه‌كان زیاد بكات.

پڕۆژەبودجەی ساڵی 2024ی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە دەنگی 310 دەنگی بەڵێ و 118 دەنگی نەخێر لە ئەنجومەنی نوێنەران و بە 87 دەنگی بەڵێ و 13 دەنگی نەخێر لە ئەنجومەنی پیران پەسەندکرا، بۆئەوەی ببێتە پڕۆژەیاسا، دەبێت جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پەسەندی بکات. 

بودجەکە بەراورد بە بودجەی ساڵی رابردوو 28 ملیار دۆلاری زیاترە و دەسەڵاتی ئەوەی بە حکومەت داوە مووچەی سەربازەکان بە رێژەی 5.2% زیاد بکات.

بەراورد بە بودجەی ساڵی رابردوو لە پڕۆژەبڕیارەکەی ئه‌مساڵدا، بودجەی تەرخانکراو بۆ روبەڕوبونەوەی داعش لە سوریا و عێراق کەمکراوەتەوەو بڕی 398 ملیۆن دۆلاری تەرخان کردووە بەشێوەیەک بڕی 242 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە و بڕی 156 ملیۆن دۆلاریش بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات. 

بەراورد بە بودجەی ساڵی رابردوو ئەو بڕە پارەیەی کۆنگرێس بۆ روبەڕوبونەوەی داعش لەعێراق تەرخانی کردبوو 80 ملیۆن دۆلار و بۆ سوریاش 9 ملیۆن دۆلاری کەمترە.

بەڵام بۆ روبەڕوبونەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، كۆنگرێس داوا دەکات هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە لەسەر چەکی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی مەشق و راهێنانیان پێبکرێت چەکیان پێبدرێت لەوانەش چەکی بەرگریی مووشەکی دژە مووشەک، هاوەن و درۆن، ده‌شڵێت: ئەگەر چەکەکان لە کۆگاکانی ئەمریکا بەردەست بوون، ده‌توانرێت، چه‌كه‌كان بەو هێزانە بدرێت.

لە پڕۆژەبودجەکەدا باس لەوە کراوە دەکرێت وەزارەتی بەرگری بە هۆکاری پێویست جێبەجێکردنی پلانی پێدانی چەک بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە دوابخات ئەگەر بێت و پلانەکە کاریگەری لەسەر کۆگاکانی چەک لە ئەمریکا هەبێت و چەکی پێویست لەبەردەست نەبێت.


AM:10:00:16/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 1004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو