وه‌زیری پێشمه‌رگه: بنه‌مای كاركردنمان بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی چاكسازی و یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه
وێستگه‌نیوز-
له‌میانی پێشوازیكردنی له به‌رپرسی نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیری پێشمه‌رگه رایگه‌یاند كه ئامانجیان یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه و درووستكردنی هێزێكی تۆكمه‌ی نیشتمانییه.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌مڕۆ 4ی كانوونی یه‌كه‌می 2023 ، شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم پێشوازی له د.تۆركیڵد به‌رپرسی نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له هه‌ولێر كرد.
ئاماژه به‌وه‌شدراوه كه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به گرنگیه‌وه باسی له پرس و پرۆسه‌ی چاكسازی كرد له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه "ئێمه له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئامانج و بنه‌مای كاركردنمان بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی پرۆسه‌ی چاكسازی و ڕێكخستنه‌وه و یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه له پێناو درووستبوونی هێزێكی تۆكمه‌ی نیشتمانی له چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا".
له به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، وه‌زیری پێشمه‌رگه ڕۆڵی وڵاتانی سه‌ر به یه‌كێتی ئه‌وروپای به‌رزنرخاند له به‌رامبه‌ر هه‌ماهه‌نگی و پاڵپشتی به‌رده‌وامیان بۆ گه‌ل و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وتی: "له ڕابردوودا وڵاتانی به‌شدار له یه‌كێتی ئه‌وروپا له به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و كاره‌سات و ڕووداوانه‌ی به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا هاتووه هاوخه‌م بوون له‌گه‌ڵمان".
وتیشی: "له ئێستاشدا دڵخۆشین دۆسته‌كانمان له هه‌موو جیهان و یه‌كێتی ئه‌وروپا هاوكار و پاڵپشتمانن له پرۆسه‌ی ڕێكخستنه‌وه و یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان".
لای خۆیه‌وه د.تۆركێڵد ستایشی پێشوازیی و هه‌وڵه‌كانی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی كرد له به‌رامبه‌ر پرسی چاكسازی و هه‌وڵه‌كانی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا. وتیشی: "ئێمه له یه‌كێتی ئه‌وروپا پاڵپشت و پشتیوانتان ده‌بین له‌م پرسه گرنگ و چاره‌نووسسازه‌دا. هیوادارین هه‌رێمی كوردستان له دۆخێكی ئارام و سه‌قامگیر و ئاشتیدا بێت".
PM:06:00:04/12/2023
ئه‌م بابه‌ته 936
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت