باڵیۆزی فه‌ره‌نسا بۆ بارزانی: پێشكه‌شكردنی باره‌گای پارتی به‌ زانكۆی كه‌ركوك بڕیارێكی حه‌كیمانه‌یه‌


وێستگه‌ نیوزـ

باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق سه‌ردانی سه‌رۆكی پاره‌تی دیموكراتی كوردستانی كرد و به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی باره‌گای بارزانی، باڵیۆز دەستخۆشی لە بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی پارتی كردوه‌ بۆ پێشکەشکردنی بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئه‌و حزبه‌ بۆ زانكۆی كەركوك.

باره‌گای بارزانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئەمڕۆ شەممە، 28ی تشرینی یەكەمی 2023، لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە ئێریك شوڤالییێ، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كردوه‌و باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق سڵاوی ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی بە بارزانی گەیاندوه‌.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ده‌ڵێت كه‌ له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا بیروڕایان لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ڕووداوەكانی ناوچەكە و ئەگەر و مەترسییەكانی قۆناغی داهاتوو، ئاڵوگۆڕ كردوه‌، وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەستخۆشی لە بڕیاری بارزانی كرد كە لەپێناو هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانی پێشكەشی زانكۆی كەركوك كرد و بە بڕیارێكی حەكیمانەی لەقەڵەم دا".

هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بووه‌و "هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەرز نرخێندراوه‌".

هه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌مڕۆ باڵیۆزی ناوبراو سه‌ردانی مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی‌ حکومەتی هه‌رێمی‌ كوردستانی كردوه‌و راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێت: تەوەرێکی سەرەکی کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە پێویستیی دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، "بە تایبەتی دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم، بە داتا و زانیاری وردەوە، روونکردنەوەی پێویستیان پێشکەشی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە".

وه‌ك راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ده‌ڵێت: "پێویستە حکومەتی فیدراڵیش، شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت، چونکە ناکرێت چیتر مافی مووچەخۆرانی هەرێم پێشێل بکرێت".


PM:03:03:28/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 1076 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت