پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق له‌ سنوری میحوه‌ری 4 ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15ی تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2023، به‌پێی به‌رنامه‌ و پلانێكی سه‌ربازی هاوبه‌ش، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوچه‌كه‌ له‌ سنوری میحوه‌ری 4، ئۆپه‌راسیۆنێكی كێوماڵكردنیان ئه‌نجام دا".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ كاتژمێر (0500 پێنچی به‌یانی) ده‌ستی پێ كرد، تیایدا سنوری ناوچه‌ی گونده‌كانی (ده‌رمان ئاوای سه‌روو، ده‌رمان ئاوای خواروو، علی به‌یان، قه‌ره‌سالم، سه‌ربیر) كێوماڵ كران".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا، فه‌وجی1، فه‌وجی2، فه‌وجی3ی لیوای 11ی پیاده‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ لیوای 31سوپای عێراق و فه‌وجی 1، فه‌وجی 2ی پیاده‌ی بنكه‌ی هاوبه‌شی كركوك و ئاسایشی قه‌ره‌ناو به‌شداربوون".

وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ راشیگه‌یاند كه‌ "ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ كاتژمێر 1230 نیوه‌ڕۆ كۆتایی هات و ته‌واوی ناوچه‌ی دیاریكراو بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ كێوماڵ كران".


PM:11:35:15/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 1352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت