قوباد تاڵەبانی بۆ هاوڵاتیانی کفری: هاوپەیمانی کوردستان دەتوانێت بەرگری‌ بکات لەمافەکانتان

‌قوباد تاڵەبانی

وێستگه‌ نیوز ـ
سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان بەچین و توێژەکانی کفری‌ راگەیاند، تەنیا هاوپەیمانی کوردستانە دەتوانێت بەرگری‌ لەمافەکانتان بکات.



ئەم وتانەی‌ قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لەمیانی کۆبوونەوەیەکیدا هات کە ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئه‌یلوولی 2021، لەکفری‌ بەرێوەچوو، تیایدا داوای‌ کرد کە "بۆ پاراستن لە هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر و تیرۆریستان، بۆ بەهێزکردنی پێگەی‌ کورد لەبەغدا و بەدیهێنانی ئامانجە رەواکانی گەلی‌ کوردستان، دەنگ بدەن بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان".

لەو کۆبوونەوەیەدا کە دکتۆر خەسرەو گوڵ محه‌مه‌د، ئەندامی سەرکردایەتی و کاروان عه‌لی یاروەیس، کاندیدی ژمارە 32 و سروە محه‌مه‌د، کاندیدی ژمارە 20 لەبازنەی‌ پێنج ئامادەیبوون، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: گەرمیان و گەرمیانییەکان شایەنی خزمەتی زیاترن، بۆ مسۆگەرکردنی ماف و ئیمتیازاتی ئەنفالکراوانی سنوورەکە و بەدەنگەوە هاتنی داخوازییەکانیان، دەبێ بەگوڕو تینەوە بەشداری‌ بکەین لەم پرۆسە چارەنووسسازەدا و دەنگ بدەینە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان".

سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان وتیشی: "هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە، هەموومان بەیەکەوە هاتوینەتە مەیدان و جیاوازییەکانمان وەلاناوە، یەکێتی و گۆڕان یەکریزی و ئاشتی ناوماڵی‌ کوردستانمان کردوه‌تە پەیامی هاوپەیمانێتیەکەمان، بەیەکەوە بەهێزترین چونکە بۆمان دەرکەوت بەلاوازیمان دەنگەکانمان پەرت و بڵاو دەبێت".

لەوتارەکەیدا، قوباد تاڵەبانی داوایکرد: "تێکۆشەران و دڵسۆزانی یەکێتی رۆڵی‌ خۆیان ببینن بۆ بەشداریکردن لەپرۆسەی‌ هەڵبژاردن، داواشی‌ لەکادرانی یەکێتی کرد کەکاربکەن تا پەیامەکانی هاوپەیمانی کوردستان بۆ جەماوەر روونبکەنەوە و پێیان رابگەیەنن کەتەنیا هاوپەیمانییە دەتوانێ لەبەغدا رێککەوتن بکات بۆ زامنکردنی ماف و شایستەکانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان".


PM:03:09:28/09/2021








ئه‌م بابه‌ته 2104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت