دوو لیوای دیکەی یەکەکانی 70 و 80 دەخرێنەسەر وەزارەتی پێشمەرگە

‌هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکان بەهۆی چەندین ئاستەنگی سیاسییەوە بەسستی بەڕێوەدەچێت

وێستگەنیوز-

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی میلاکاتی هەردوو هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو تەواوبوەو بەم نزیکانە بڕیاری وەزارەت لەسەر ئەو هەیکەلە دارێژراوە نوێیە دەردەچێت و هاوپەیمانانیش پشتگیری خۆیان بۆ ئەو هەنگاوانە دووپاتکردوەتەوە، هەروەها لەداهاتوویەکی نزیکدا دوو لیوای دیکەی یەکەکانی 70 و 80 دەخرێنەسەر وەزارەتی پێشمەرگە.

لیوا روکن کارزان شەقڵاوەیی، بەڕێوەبەری پلاندانان و میلاکاتی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ 27ی ئەیلولی 2021 بە ئامادەبوونی کۆڵۆنێڵ چارڵی راوێژکاری باڵای هێزەکانی بەریتانیا و کۆڵونێل مایک راوێژکاری هێزەکانی ئەمریکا و هەریەک لە راوێژکارانی باڵای سەربازی ئەڵمانیا و هۆڵەندا، لەگەڵ نوێنەرانی باڵای هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو کۆبووە. 

وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی کۆبوونەوەکە لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی ئەو هێزانە کرا کە دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و هاوشێوەی وەزارەت میلاکاتیان رێکدەخرێتەوە. هەروەها لەسەر ژمارەو خشتەی میلاکاتی هەردوولا  پەسندکران و بڕیاریشدرا لەچەند رۆژی داهاتودا بەو رێکخستنە نوێیەی کراوە، فەرمانی وەزاری بۆ دەربکرێت. 

گەڕانەوەی هەردوو هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە لەچوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە و پێشتریش دوو لیوای دیکەی یەکەکانی 70 و 80 گەڕاونەتەوە سەر وەزارەت و  دوای هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو، دوو لیوای دیکەی یەکەکانی حەفتاو هەشتا خشتەو میلاکاتیان تەواوکراوە و دەگەڕێنەوە سەر وەزارەت.

لەهەرێمی کوردستان جگە لەلیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، دوو هێزی دیکەی پێشمەرگەش بوونیان هەیە کەبریتین لەهێزەکانی یەکەی 70ـی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هێزەکانی یەکەی 80ـی سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستان، ماوەی چەندین ساڵیشە بەرپرسانی هەردوو حزب بەڵێنی ئەوەیانداوە هێزەکانیان بخەنەسەر وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی هیچ حزبێکی سیاسی خاوەن دامەزراوەی سەربازی نەبێت و هێزێکی نیشتیمانی دروست بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەک بەرپرسانی پێشمەرگە باسی دەکەن هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکان بەهۆی چەندین ئاستەنگی سیاسییەوە بەسستی بەڕێوەدەچێت.


PM:09:50:27/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 3432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو