ئەدھەم بارزانی بۆ سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی: ئەگەر ساختەکاری هەیە بە چ لۆژیکێک ئەو بەرپرسیاریەتییەتان وەرگرتووە


وێستگەنیوز-

ئەدھەم بارزانی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، لێدوانەکانی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی لەبارەی بوونی ساختەکاری لەهەڵبژاردنەکاندا کە ئەوان دوو بەرپرسی دەستەی سەروکایەتی پەرلەمانن وەک هەستیارترین جومگەی دەسەڵات "هیچ پاساوێک قبوڵ ناکات، چونکە ئەگەر ئەو دوو کەسایەتیە ئاگاداری لە پێشینەیان لەبارەی تەزویری لایانەکانیان هەیە، بە چ لۆژیکێک بەرپرسیاریەتی ئەو جومگە هەستیارەی دەسەڵاتی کوردستانیان لەئەستۆ گرتووە ".

ئەدھەم بارزانی لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەمڕۆ لە وەڵام و وەڵام کاریەکی توند دا، سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی لەتێوەگڵانێکی ناپێویستی ریکلامی هەڵبژاردن دژی یەکدی، یەکتریان بە ساختەکاری تاوانبار کرد، رێزدار سەرۆکی پەرلەمان دەلێ: « ... کە تەنیا حساب بۆ پارتی بکرێ، حسابکردن لەسەر چی و لەسەر چ بنەمایەک، لەسەر ئەو زۆرینە موزەیفە و ساختەکاریەیە کە هەیە». لەلایدیکەوە رێزدار جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە وەڵامدا پێی دەڵێ: « خەڵکی کوردستان ئەوەندە زاکیرەی زەعیف نیە و ئەزانێ کێ لە کوردستان تەزویری کردووە، خەلکی کوردستان ئەلبیسەکەی باش لە بیرە » و حەوێجە وەکوو نمونە و ناوەندی تەزویر وەبیر دێنێتەوە. "

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەرچۆنێک ئەو پرسە لێک بدرێتەوە، تاوانبارکردنی یەکتر وەکوو دوو بەرپرسی دەستەی سەروکایەتی پەرلەمان، کە هەستیارترین جومگەی دەسەڵات، کە دەسەڵاتی یاسادانانە لە کوردستان، هیچ پاساوێک قبوڵ ناکات، چونکە ئەگەر ئەو دوو کەسایەتیە بەڕێزە ئاگاداری لە پێشینەیان لەبارەی تەزویری لایانەکانیان هەیە، ئەی بە چ لۆژیکێک بەرپرسیاریەتی ئەو جومگە هەستیارەی دەسەڵاتی کوردستانیان لەئەستۆ گرتووە".

ئەدھەم بارزانی ئەوەشی خستوەتەڕو، "لە سەر بنەمای تەزویر و موزەیەفی و ساختەکاری، ئایا دەتوانن بڵێن، تا ئێستا لە بەرانبەر جەماوەری کوردستان بە وێژدانەوە بڕیارەکانیان دەرکردووە؟ ئایا ئەوەی لە سەر ساختەکاری ئاوەدان دەکرێت چی پێدەوترێت؟".

ئەمڕۆ د.رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پشکی یەکێتی وەڵامی وتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دایەوە و رایگەیاند، بەگوێرەی عورفی سیاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت کۆکەرەوەی هەمو هێزە سیاسییەکان و پارێزەری یەکڕیزی گەلی کوردستان بێت و نابێت لەبانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەکەیدا بەجۆرێک وتاربدات کە ببێتەهۆی دابەشکردنی لایەنەکان و خەڵکی کوردستان، بۆیە دەڵێن "هەر هێزێک حساب بۆ یەکێتی نەکات و نایخوێنێتەوە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش حسابی بۆ ناکات و نایخوێنێتەوە".

لەبەرامبەریشدا هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی وەڵامی د.رێواز فایەقی دایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم حسابکردنەی پارتی وەک هێزی ژمارە یەک، بەمانای ڕەتکردنەوەی هیچ هێزێکی سیاسی نییە و ئەوە ئێوەن حساب بۆ پارتی ئەکەن، بۆیە هەتا 10/10 شێتیش ببن باستان ناکەین".


PM:08:53:27/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 8528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت