وەڵامی هێمن هەورامی بۆ ڕێواز فایەق: شێتیش بن تا 10ی10 باستان ناکەین

‌ڕێواز فایەق و هێمن هەورامی

وێستگە نیوز_

جێگری سەرۆکی پەرلەمان وەڵامی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت، "ئەم حسابکردنەی پارتی وەک هێزی ژمارە یەک، بەمانای ڕەتکردنەوەی هیچ هێزێکی سیاسی نییە و ئەوە ئێوەن حساب بۆ پارتی ئەکەن". دەشڵێت،"هەتا دەی دەی شێتیش ببن باستان ناکەین".


هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ئەمرۆ 27ی ئەیلوولی 2021، لە قەلادزێ ولە میانی وتارێکدا وتیشی، "ئەوەندە شانازی بە ڕابردوو دەکەین، ئەوەندە باوەرمان بە ئێستەمانە کە چاوەرێی ئایندەیەکی گەشین"، وتیشی،" ئێمە لەسەرەتای بانگەشە وتوومانە ناکەوینە دوای وەڵام و وەڵامکاری هیچ کەس لایەنێک کە پەلاماری پارتی بدات یان ناوی بهێنێ".

ئەو وتیشی، "خەڵک ماندووە لە وەڵامی توند و قسەی توند، ئەم هەڵبژاردنە بۆ چارەنووسی خاک و ماف و دەستوور و قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بە مناسەبە و بێ موناسەبە سێ وشەیان باسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، هەتا دەی دەی شێتیش ببن باستان ناکەین، ئێمە حزبی گەورەین و حزبی حساب بۆ کراوین ، کاتی خۆمان بە وەڵام و وەڵامکاری ناکوژین، بەڵام مێژوو سەلاماندویەتی کە پارتی حسابی رەقەم یەکی بۆ بکرێ".

ئاماژەی بەوەشکرد، "پارتی لەسەر قسەی خەڵکی تر دروستنەبووە تا بەقسەی خەڵکی تر پێگەی بۆ دیاربکرێ، بەدیلی هیچ حزبێکی تر نەبووە و لە هیچ حزبێکی تر جیانەبۆتەوە، پارتی دۆست و دوژمن حسابی ژمارە یەکی بۆ ئەکەن".

ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئەیلولی 2021 رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دوێنێ سەرۆکی هەرێمی کودستان لە وتارێکیدا وتوویەتی، تەنها حزبێک کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عیراقی حسابی بۆ بکرێت پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەم قسەیەی سەرۆکی هەرێم بەشێکە لەو سیاسەتەی پارتی پەیڕەوی دەکات".
 
لە وەڵامی ئەم قسەیەدا، هێمن هەورامی دەڵێت، "ئەم حسابکردنەی پارتی وەک هێزی ژمارە یەک، بەمانای ڕەتکردنەوەی هیچ هیزێکی سیاسی گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو پارتی بەهێزی جەماوەر و ڕابەرەکەی و مێژووی حەفتا و پێنج ساڵە براوەی هەڵبژاردنەکان وایکردووە کە پارتی حسابی رەقەم یەکی بۆ بکرێ".

ئەو دەشڵێت، "بەداخیشەوەین نەدەبوو ئەوانەی لە پێگەی پۆستی باڵا و پێگەی حکومی و دەستوریدان بە نەفەسی حزبی قسەیان بکردایە، کادرە حکومییەکانی ئێمە تەنها باس لە ئامانجەکانی پارتی ئەکەن، بەڵام ئێمە چی لە ئێوە بکەین حساب بۆ پارتی ئەکەن و لە سێ قسەتان دوو قسەیان باسی پارتی ئەکەن".


PM:06:23:27/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 12736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت