وتهبێژی فراكسیۆنی پارتی وهڵامی رێواز فایهقی دایهوه
رێواز فایەق و پێشەوا هەورامانی
وێستگه نیوز ـ
وتهبێژی فراكسیۆنی پارتی له پهرلهمانی كوردستان وهڵامی رێواز فایهق، سهرۆكی پهرلهمانی كوردستانی دایهوه و رایگهیاند، پارتی تاكه حزبی یهكهم و حساب بۆ كراوه له دهرهوه و ناوهوهی ههرێم.
پێشهوا ههورامانی، وتهبێژی فراكسیۆنی پارتی له پهرلهمانی كوردستان رایگهیاندووه: سەرۆکی پەرلەمان وەڵامێکی لاوازی وتاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی داوەتەوە کە تەنها لەخۆی دەوەشێتەوە بەوجۆرە دەربکەوێت.
باسی لهوهشكردووه، كه سهرۆكی پهرلهمان دەڵێت، پارتی زۆرینەیەکی موزەیەفی هەیە، ئەی ئەگەر موزەیەفە بۆ سەرۆکایەتی ئەم زۆرینە موزەیەفە دەکەیت، کەواتە سەرۆک پەرلەمانێکی موزەیەفی، "قسەی ئەوەم نییە هەندێک ئیمتیازو بودجەی بەردەستت لەهەموو شتێک لات گرنگتربێت".
باسی لهوهشكردووه: "باشە بۆچی قبوڵتکرد ئەم زۆرینە موزەفەیە هەڵتبژێرن و بتکەنە سەرۆکی پەرلەمان، نەک دەنگی ئەم زۆرینەیەی ئێستا قسەیان پێدەڵێیت، تۆ لە هاوڕێکانت دڵنیا نەبوویت و رووت لە ئێمە نابوو خەریک بوویت بە یاپراخ و سەروپێ و شفتە دڵی ئەوانت نەرمدەکرد و بە قوربان و بە ساقەش دڵی ئێمە".
ئهوهشی وتووه: "چۆن دەڵێی کاک نێچیرڤان دەناسم و دەزانم باوەڕی بەو قسانە نییە کە کردوونی، لەکوێ دەیناسیت؟ سەرۆکی پەرلەمان نەبوویتایەو دەنگی زۆرینەی پارتی نەبووایە بۆ بوونت بە سەرۆکی پەرلەمان دەبوو بەس لەتیڤی جەنابی بیبینی!".
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئەیلولی 2021 رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دوێنێ سەرۆکی هەرێمی کودستان لە وتارێکیدا وتوویەتی، تەنها حزبێک کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عیراقی حسابی بۆ بکرێت پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەم قسەیەی سەرۆکی هەرێم بەشێکە لەو سیاسەتەی پارتی پەیڕەوی دەکات".
وتیشی: "لێرەوە بە سەرۆکی هەرێم دەڵێم بەپێی عورفی سیاسی، سەرۆکی هەرێم دەبێت کۆکەرەوەی هەموو هێزە سیاسییەکان بێت، بەڵام دوێنێ سەرۆکی هەرێم بەو قسەیەی هەموو ئەو بنەمایانەی رووخاند کە لای هاوڵاتییان گەڵاڵە ببوو و پێیان وابوو دەتوانین لە بەغدا یەکڕیزبین".
ئەوەی خستەڕوو "ئەگەر هێزەکانی یەکێتیی نەبوونایە، لە کاتی شەڕی دژ بەداعش هەولێری پایتەخت دەکەوتە مەترسییەکی گەورەوە، ئەو وەفدە دانوستکارەی بوونە هۆی ناردنی 200 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە کە ئێستا حکومەتی هەرێم مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابەشدەکات، قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکرد"، وتیشی، "هەر هێزێک حساب بۆ یەکێتی نەکات یەکێتیش حسابی بۆ ناکات".
PM:03:03:27/09/2021
ئهم بابهته 29032
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت