قوباد تاڵه‌بانی: دڵنیام به‌ ده‌نگه‌كانتان لوتی ناحه‌زانی كه‌ركوك ده‌شكێنن

‌قوباد تاڵەبانی

وێستگە نیوز-

ئەمڕۆ پێنج شەممە 9ی ئەیلولی 2021، لەشارى کەرکوک رێوڕەسمێکی بەرفراوان بۆ ناساندنی کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان و دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق بەرێوەچوو. 

لەو رێورەسمەدا قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان رایگەیاند، ''هاتووین لە کەرکوکی قودسەوە بانگی یەکڕیزی بدەین بە گوێی گەلی کوردستاندا،  هاتووین پەیمان لەگەڵ ڕێبازی مام نوێ بکەینەوە و بە نەیارانی کەرکوک بڵێین: "ڕەنگە بتوانن ئاگری بابەگوڕگوڕ دابمرکێننەوە، بەڵام خەیاڵتان خاوە، نەتەوەی کورد... نەتەوەیەکی زیندوو و تێکۆشەر و کۆڵنەدەرە، وە هەتا کوردێک مابێت کەرکوک شاری کوردستانە''.

وتیشی، هاتوین لەگەڵ رۆحی سەرکردەی مەزن کاک نەوشیروان، پەیمان نوێ بکەینەوە و وتەکانی دووپات بکەینەوە و بڵێین، ''کەرکوک بەشێکە لەبیروباوەڕی ئێمە و ئەگەر کەرکوک یەک کوردیشی تێدا نەمێنێت هەر خاکی پیرۆزی کوردستانە''.

سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان وتیشی، لەکەرکوکی قودس و باباگوڕگوڕەوە... یەکدەستیی و یەکڕیزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان رادەگەیەنین، هاتووین دڵنیاتان بکەینەوە کە چیتر رێگە نادەین، نە کەرکوک... نە هیچ بستە خاکێکی پیرۆزی کوردستان. باجی سیاسەتی هەڵە و سەرکێشی سیاسی هیچ کەس و لایەنێکی تر بدات.

جەختیشی کردەوە کە هاوپەیمانی کوردستان بە عەقڵێکی نوێوە هاتووە بۆ ئەوەی بەهێزێکی گەورەوە بچێتە بەغدا و بە یەکجاری و بۆ هەمیشە کێشەی بودجە و موچە و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تر چارەسەر بکات.

قوباد تاڵەبانی بەکەرکوکیەکانی وت، دەزانین رووبەڕووی ستەم و غەدرێکی گەورە بوونەتەوە، بۆیە بەیارمەتی ئێوە کۆتایی بەم دەسەڵات و ئیدارە خۆسەپێنییە دەهێنین و ئارامی و سەقامگیری بۆ دەگێڕینەوە و یەکێ لە ئێوە دەکەینەوە پارێزگار.

وتیشی، چارەسەرى ئەم کێشانەى کەرکوک تەنیا بەهاوپەیمانی کوردستان دەکرێت، چونکە لەدوو هێزی گەورە و کاریگەر پێکهاتووە کەخەمی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیان لەکۆڵ ناوە، نەک خەمی گەورەکردنی بنەماڵەیەک یان عەشرەتێک یان حزبێک. هێزە بچوکەکانی تریش، نە خاوەنی سەنگ و قورسایین، نە کەس گوێیان لێدەگرێت لە بەغداد، بۆیە داواتان لێ دەکەم، دەنگەکانتان بەفیڕۆ مەدەن و هاوپەیمانی کوردستان وەک نوێنەری راستەقینەی خۆتان هەڵبژێرن.

لەدرێژەى وتارەکەیدا لەرێوڕەسمی ناساندنی کاندیدەکانی هاوپەیمانێتی کوردستان و دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەشارى کەرکوک، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: ئێمە ئەزمونمان لە دانووستانی قورس و درێژ هەیە و هەر ئێمەشین جێی متمانەی هێزە عێراقی و لایەنە نێودەوڵەتییەکانین، وەک ئەو لایەنانەی دیکە نین کە زوو هەڵبچین و زوو کۆڵ بدەین و لەسەر حیسابی قوت و موچەی خەڵک، بە میزاجی شەخسی بڕیار بدەین. لایەنی دیکە هەیە هەر باوەڕی بە چارەسەرکردنی کێشەکان نییە لەگەڵ بەغداد و  لەهەر دەقە و ساتێکدا بێت، سەرکێشییە سیاسییەکانیان دەستپێدەکەنەوە. خۆ ئەگەر دانووستانیش بکەن تەنیا بۆ مسۆگەرکردنی پۆستەکانی بەغدا.

قوباد تاڵەبانی رووى دەمی کردە کەرکوکیەکان و وتی، دەبێ خۆتان بڕیار لە چارەنووسی خۆتان و شارەکەتان بدەن نەک لەملاو و لەولاوە بڕیارتان لەسەر بدرێت، چونکە ئەوان تەنیا و تەنیا چاویان لەسەر نەوت و سەرمایە و سامانی ئەم شارەیە. بۆیە داواتان لێ دەکەم رۆژی 10ی 10 بە هەموو دنیا بڵێن کێ خاوەنی ئەم شارەیە و کێ نوێنەری راستەقینەی ئێوەیە کە تەنها هاوپەیمانی کوردستانە.

دڵنیاییشی دا کە، تەنیا هاوپەیمانی کوردستانە کە بە باوەڕ و بە کردار دژی هەرجۆرە جیاکارییەکی نەتەوەیی و ئاینییە، بۆیە دڵنیابن لە بەغداش تەنیا نوێنەرەکانی ئێمە دەتوانن داکۆکی لە مافەکانی دانیشتوانی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بکەن، نەک لایەنەکانی تر کە چەندین ساڵە ڕێگە نادەن هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکرێت، ڕێگە نادەن پارێزگارێک بۆ کەرکوک دابنرێت کە نوێنەری راستەقینەی ئیرادەی کەرکوکییەکان بێت. 

لەبارەى گرنگی بەهێزبونی پێگەى هاوپەیمانی کوردستانەوە لەبەغدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، قەوارەی هەرێمی کوردستان لەژێر مەترسیدایە، هەندێک لەهێز و لایەنە سیاسییەکان بەهەموو توانایانەوە شەڕی گەڕاندنەوەی مەرکەزییەت و هەڵوەشاندنەوەی فیدراڵییەت دەکەن لەعێراقدا. بۆیە ئێمە بەیەکەوە هاتوین رووبەڕوی ئەم پلانگێڕیانە ببینەوە، چونکە بەیەکەوە بەهێزترین و بەیەکەوە دەتوانین کێشەی بودجە و موچە چارەسەر بکەین و سەقامگیری و خزمەتگوزاری زیاتر و باشتر پێشکەش بکەین.

قوباد تاڵەبانی لەووتارەکەیدا داواشی لە کادرانی یەکێتی و هەڵسوڕاوانی گۆڕان کرد کەخۆیان ماندووبکەن و لەگەڵ ئەوکەسانەدا قسە بکەن کە زوویربوون تا لەپێناو بەرژەوەندی کەرکوک و پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان دەنگ بدەن بە هاوپەیمانی کوردستان.

لەکۆتایی وتارەکەیدا، قوباد تاڵەبانی وتی، دڵنیام بە دەنگەکانتان لوتی ناحەزانی کەرکوک دەشکێنن و بۆ هەموو دنیای دەسەلمێنن کەخۆتان تاکە مەرجەع و بڕیاردەرن، ئێمەش بەڵێنتان دەدەینێ لەکەرکوکی قودسی کوردستانەوە مژدەی سەرکەوتن رادەگەیەنین، چونکە کلیلی چارەسەرکردنی مەسەلەی کوردستان، کەرکوکە و فەقەت کەرکوکە و هەر کەرکوکیش دەبێت.


PM:06:13:09/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 2196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت