بارزانی: شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە


وێستگه‌ نیوز-
مەسعود بارزانی، بەبۆنەی ساڵڕۆژی هێرشی داعش و کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە شنگال رایدەگەیه‌نێت، جێگەی داخێكی زۆرە دوای تێپەڕینی حەوت ساڵ بەسەر ئەو كارەساتەدا هێشتا ئێش و ئازاری ئێزدییەكان هەر بەردەوامە" و شنگال لەدەستی کۆمەڵێک هێز و چەکداردایە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە مەسعود بارزانی، لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "شنگال برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان و، ئەوەی تیرۆریستانی داعش حەوت ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزدییەكانمان ئەنجامیان دا، ئازارێكە هەرگیز لە یادی كوردستانیان ناچێت."
 
مەسعود بارزانی ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، دوای حەوت ساڵ، "شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە كە هیچ پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی شنگال و ئێزدییەكانەوە نییە. هەر ئەوانەش رێگربوونە لە گەڕانەوەی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی شنگال." 
 
مەسعود بارزانی ده‌شڵێت، لە ناوخۆیاندا یەكڕیز بن و ئومێدیان هەبێت، دڵنییاش دەدات کە ئەو دۆخە نائاسایی و نایاساییەی ئێستا لە شه‌نگالدا هەیە هەتا سەر نابێت، دەبێ خوشك و برا ئێزدییەكانمان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
 
دەقی پەیامی مەسعود بارزانی: 
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
شنگال برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان و، ئەوەی تیرۆریستانی داعش حەفت ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا ئازارێكە هەرگیز لە یادی كوردستانیان ناچێت. ئێمە باش دەزانین لە كاتی پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان، ئێزیدییەكان بەهۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی رق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران. ئەو تاوانەی داعشیش لە دەڤەری شنگال ئەنجامی دا درێژكراوەی ئەو زنجیرە جینۆساید و كۆمەڵكوژی و تاوانانە بوو كە بە درێژایی مێژوو دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام دراوە.
 
لە حەفتەمین ساڵیادی ئەو كارەساتەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە دەنێرین و، بە ڕێز و شكۆوە یادی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەكەینەوە كە بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شاری شنگال خوێنیان بەخشی و سەری داعشی دڕندەیان خستە ژێر پێی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان و تۆڵەی ئەو ناهەقی و زوڵمەیان لە تیرۆریستان كردەوە.
 
جێگەی داخێكی زۆریشە دوای تێپەڕینی حەفت ساڵ بەسەر ئەو كارەساتەدا هێشتا ئێش و ئازاری ئێزییدییەكان هەر بەردەوامە و، شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە كە هیچ پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی شنگال و ئێزیدییەكانەوە نییە. هەر ئەوانەش ڕێگربوونە لە گەڕانەوەی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی شنگال. لێرەدا بۆ خوشك و برایانی ئێزیدی ئەوە دووپات دەكەمەوە كە بە هەموو توانایەك لەگەڵ داخواز و ئازارەكانیان دام. داواشیان لێ دەكەم لە ناوخۆیان یەكڕیز بن و ئومێدیان هەبێت و دڵنیاشیان دەكەمەوە هەر شتێك لەسەر بنەمای زوڵم و خۆسەپاندن بێت دواجار هەر كۆتایی دێت و، ئەو دۆخە نائاسایی و نایاساییەی ئێستا لە شنگالدا هەیە هەتا سەر نابێت و دەبێ خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
 
مسعود بارزانی

٣ـی ئابی ٢٠٢١


AM:11:27:03/08/2021


ئه‌م بابه‌ته 1712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت