نێچيرڤان بارزانى پەیوەندی بە هاوسەرۆکانی یەکێتییەوە دەکات

‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

وێستگەنیوز-

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پەیوەندی بە هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە کرد و رایگەیاند، پیرۆزبایی يادى 46 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى يه‌كێتی لەسەرکردایەتی و جەماوەری ئەو حزبە دەکەن و لەمێژووى خه‌بات و تێكۆشانى ئازادى و به‌ديهێنانى ده‌سكه‌وته‌كانى گه‌لى كوردستاندا یەکێتی  خاوه‌ن ڕۆڵێكى دياره‌، لەئێستاشدا ئەو حزبە بەشێکی سەرەکییە لە پرۆسه‌ى سياسى و ده‌سه‌ڵاتدارى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكانى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان، له‌ يادى 46 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى يه‌كێتيدا، "به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ خۆيان و له‌ ڕێگه‌ى ئه‌وانيشه‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى سياسى و به‌رژه‌وه‌ندى و مه‌كته‌بى سياسى و ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردايه‌تى و ته‌واوى كاديران و جه‌ماوه‌ر و لايه‌نگرانى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن".

سەرۆکی هەرێم لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەی بەوەکردوە، يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان وه‌ك هێزێكى سياسيى سه‌ره‌كيى كوردستان خاوه‌ن ڕۆڵێكى دياره‌ له‌ مێژووى خه‌بات و تێكۆشانى ئازادى و به‌ديهێنانى ده‌سكه‌وته‌كانى گه‌لى كوردستاندا، ئه‌مڕۆش يه‌كێكه‌ له‌و لايه‌نانه‌ى خاوه‌ن پێگه‌يه‌كى به‌هێز و سه‌ره‌كين له‌ پرۆسه‌ى سياسى و ده‌سه‌ڵاتدارى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا.

باسی لەوەشکردوە، ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان و ته‌واوى لايه‌ن و پێكهاته‌كانى له‌پێناو ته‌بايى و يه‌كڕيزى و پێكه‌وه‌يى و پاراستنى ماف و ده‌سكه‌وته‌كان و ئێستا و داهاتووى گه‌لى كوردستاندا به‌ گرنگ و پێويست دەزانن، هه‌روه‌ها "له‌م ياده‌دا سڵاو و دروودى بۆ گيانى خوالێخۆشبوو سه‌رۆك مام جه‌لال دەنێرن و دووپاتى دەکەنەوە كه‌ به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى ده‌كه‌ينه‌وه‌".

سەرۆکایەتی هەرێم لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئەوەی خستوەتەڕو، لاى خۆيانه‌وه‌ هاوسه‌رۆكانى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان سوپاس و پێزانينى خۆيان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستانيان بۆ په‌يوه‌ندى و پيرۆزباييى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نيشانداوە و جه‌ختيان له‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزى و پێكه‌وه‌يى له‌پێناو پاراستنى ماف و ده‌سكه‌وته‌كانى گه‌لى كوردستاندا كرده‌وه‌.

لە 22ی ئایاری ساڵی 1975 لە سووریا لە گەڕەکی ئەبوو روومانەی دیمەشق، یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامدرا کەبریتی بوون لە (جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا، عادل موراد، عەبدولڕەزاق فەیلی، د. كەمال فوئاد، عومەر شێخ موس، د.فوئاد مەعسوم) و پرۆژەی دروستکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەڵاڵە کرا.

کۆبوونەوەی دووەم لە بەرلین و لە 27ـی ئایاری هەمان ساڵ بە سەرپەرشتی جەلال تاڵەبانی ئەنجامدراو لە رۆژی 1-6-1975بەفەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیێندرا.


AM:11:53:01/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 3104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت