نوێترین زانیاری سەبارەت بەجێبەجێكردنی پڕۆژەی شەمەندەفەر لەكوردستان


وێستگە نیوز-
شاندی كۆمپانیایەكی وەبەرهێنی بەریتانی ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی هێڵی شەمەندەفەر و هێڵی خێرای زەمینی بەشێوەی وەبەرهێنان لەهەرێم دەربڕیوە.

وێستگە نیوز لە تێلیگرام جۆین بكە

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن پێشوازی لەشاندی كۆمپانیایەكی وەبەرهێنانی بەریتانیا كرد و (كاك تاڤان عومەر) سەرۆكایەتی شاندی میوانی دەكرد.

بەپێی راگەیەنراوی وەزارەت، لە دیدارێكی هاوبەشدا باس لە پلانەكانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن كرا بۆ بەرەو پێشبردنی سێكتەرەكانی گواستنەوە و گەیاندن  و لە میانەیان هێڵی ئاسنین و تراموەی و هێڵی خێرای ناوخۆیی لەسەرانسەری هەرێم و بەستنەوەی هەرێم بە عێراق و وڵاتانی ئێران و توركیا و جیهان.

وەك لە هەواڵەكەدا هاتووە، شاندی ناوبراو خۆشحاڵیان بەڕەوشی سەقامگیری كوردستان دەربڕی كە هاندەرێكی سەرەكیە بۆ وەبەرهێنان و ئامادەییان دەربڕی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی هێڵی شەمەندەفەر و هێڵی خێرای زەمینی بەشێوەی وەبەرهێنان.

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردوە، ئەوان تەواوی دیزاینی ئەو پڕۆژانەیان جێبەجێكردووەو هەر كاتێك لە چوارچێوەی یاسای وەبەرهێنان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بگەنە رێككەوتن، دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەكان دەكەن و رۆڵی خۆیان بەباشی دەبینن لەهاوكاریكردنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ پێشخستنی سێكتەری گواستنەوە.


PM:11:26:11/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 4716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو