کار بۆخێراترکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت

‌ژمارەیەک پێشمەرگە لەسەنگەر

وێستگەنیوز-

دوای پێشکەشکردنی راپۆرتی دووەمی چاکسازی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و بوونی رەخنە لەخاوی هەنگاوەکانی چاکسازی بەگشتی و بەتایبەتی رێکخستنەوەی دامەزراوە سەربازییەکان، بڕیارە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا لیژنەی باڵای چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان کۆببێتەوە بەمەبەستی هاوکاری و کارئاسانی ئەو لایەنانە لەخێراترکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی.

رێڤینگ هروری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان بە وێستگەنیوز-ی راگەیاند، هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەسستی بەڕێوەدەچێت و بەشێک لەو هەنگاوانەش کەنرابوون وەک خۆیان جێبەجێنەکراون بۆ نمونە تائێستاش یەکەی ژمێریاری هەردوو یەکەی 70 و 80 بەتەواوەتی لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە یەکنەخراوەتەوە، لەهەنگاوەکانی پرۆسەکەدا ئاستەنگی هاتوونەتە پێش.


ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا لیژنەی باڵای چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و هەروەها لەگەڵ لیژنەی پێشمەرگە کۆببێتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆزینەوەی میکانیزم و ئاسانکاری لایەنەکان پەیوەندیدارەکان بۆ خێراترکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی.

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕو، لیژنەکەیان بەبەردەوامی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە، حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر خەت بوە بۆ ئەوەی ئەو یاسا، رێنمایی و رێکارانەی پەیوەندیدارن بەباشترکردنی ژیانی پێشمەرگەوە کاریان لەسەر بکرێت و پێداویستییەکانی هێزی پێشمەرگە دابین بکرێن.

پێشووتریش جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی و جێگری سەرۆکی لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازیی لە وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگەیاندبوو، لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەکان پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ كراوە لەبارەى هەنگاوەكانى چاكساز و تێگەیشتنى هاوبەشیان هەبووە لەبارەی کێشە و گرفتەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان.

هـ.هـ


AM:09:00:11/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 4336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت