وەڵامێکی توند لە گۆرانەوە بۆ ئەوانەی رەخنە لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی دەگرن

‌لاهور شێخ جەنگی و عومەر سەید عەلی

وێستگە نیوز-

سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، "ئەوانەی ڕەخنە لە ڕێککەوتنی ئێمە و یەکێتی دەگرن تای هەڵبژاردن گرتوونی" دەشڵێت، "هاوپەیمانی کوردستان زۆرینەی کورسییەکان دەباتەوە".

یاسین حەمەعەلی، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆران لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ وێستگە نیوز- ئەوەی وت، "هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و سیستمی فرە بازنەیی نەک لایەنە کوردییەکان، بەڵکو لایەنە شیعی و سونییەکانی ناچار بە بەستنی هاوپەیمانی کردووە، گەر گۆڕانیش پەنای بۆ هاوپەیمانی بردبێت لەگەڵ یەکێتی ترسان نەبووە لە پێگەی جەماوەری خۆی".

بزوتنەوەی گۆران، لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێنج کورسی بەدەستهێنا، ئەو بەپرسەی گۆران دەشڵێت، " لە رێگەی ناوەندەکانی بزوتنەوەی گۆرانەوە هەڵسەنگاندنمان بۆ دۆخی خۆمان لە هەڵبژاردن کردووە، بە وتەی ئەو،" بزوتنەوەکە گەشبینە بە ئەنجامی هەڵبژاردن و پێگەیان باشتردەبێت".

بزوتنەوەی گۆڕان لە سێ‌ پارێزگاكەی هەرێم‌ و كەركوك، شەش كاندیدی دەبێت، ئەمە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدایە كە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كردوویەتی‌.

یاسین حەمەعەلی ئاماژە بەوەدەکات، " لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە هاوبەشی و دەستپێشخەری هەردوولا گەشتوون بە ڕێککەوتن بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی کوردستان"، ئەو دەشڵێت، " ئەو لایەنانەی ڕەخنە لە رێککەوتنەکەمان دەگرن تای هەڵبژاردن گرتوونی". ئەوە لە کاتێکدایە پارتی بەفەرمی نیگەرانی خۆی لە ڕێککەوتنەکە بە بزوتنەوەی گۆران-ی گەیاندووە.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی گۆران، " لە سلێمانی ڕکابەری سیاسی توند هەیە یەکێک لە ئامانجەکانی دروستبوونی هاوپەیمانی کورستان-ی نێوان یەکێتی و گۆڕان کۆکردنەوەیەکی نوێیە بۆ دۆخی سیاسی لە سلێمانی، گەر لایەنی سیاسی دیکەش بیانەوێت بێنە ناو هاوپەیمانیەکەیان ئەوان دەرگایان کراوەیە".

رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەدەچێت، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاماژە بەوەدەکات، "هاوپەیمانی کوردستان زۆرینەی کورسییەکان دەباتەوە".

كاندیدەكانی گۆڕان
* لە بازنەكانی ناو شاری سلێمانی گۆڕان ئەمانەی كاندیدكردووە:
- شوناس شێركۆ جدی
- د. رێزان ئەحمەد هەردی
- بەرزان شێخ محەمەد
* لە بازنەی ناوچەی گەرمیان، گۆڕان (هۆشیار عومەر عەلی) كاندیدكردووە، لە بازنەی گەرمیان غالب محەمەد بە سەربەخۆ  كاندیدە.
* لە بازنەی دەڤەری راپەڕین، چەند كەسێك لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان كاندیدكردووە، كە ئەمانەن:
- عەلی قادر
- رەسوڵ بچكۆل
- هێرش عەبدلڕەحمان (لە ئەمریكا نیشتەجێیە)
- بەكر بایز
لەم بازنەیە، (بەكر بایز) چانسی ئەوەی هەیە ببێت بەكاندیدی بزوتنەوەكەی.
لە هەولێر ( برزۆ مەجید ) ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كاندیدە
•    بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجە هیچ كاندیدێكی نابێت، چونكە یەكێتی‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو لەسەر كورسییەكانی ئەو ناوچەیە رێككەوتنیان كردووە.
•    بۆ پارێزگای كەركوك بزوتنەوەی گۆڕان تەنها بە یەك كاندید بەشداری دەكات كە ئەویش (وریا )ناوێكە.




PM:03:43:03/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 6544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت