ڕەوتێک لەناو گۆڕان: بزوتنەوەکەمان و پارتی و یەکێتی ستەمکارن

‌بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆران

وێستگە نیوز-

ڕەوتێک له‌ڕێگه‌ى به‌یاننامه‌یه‌كه‌وه‌ هێرشده‌كاته‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌سواڵكه‌رى کورسی پەرلەمانی تۆمه‌تبارى ده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "گومانی تێدانییە بەوەی میراتگرانی سیاسی‌‌ و هەلپەرستانی ئەمڕۆی بزوتنەوەی گۆڕان دوێنێ سەریان بۆ پارتی نەوی کردو ئەمڕۆش خەریکی خۆشەکردنی زەمینەی مانگی ھەنگوینین لەگەڵ یەکێتیدا".


به‌گوێره‌ى به‌یاننامه‌یه‌كى ‎هەوڵی ناڕازیەکانی گۆرەپانەکە (هەنگ)  ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، "‎بڕیاری تاکە ناڕازییەك‌‌و پەیوەندیکردنی بەپارتی دیموکراتی کوردستانەوە، دەمی هەندێ قەوارەی سیاسی کردەوە تا بەئارەزووی خۆیان تانە لەھەموو ناڕازیانی گۆڕەپانەکە‌و لەچەمکی ناڕازیبوون بدەن‌‌و بەجۆرێك لەجۆرەکان، بەشان‌و باڵە شەکەتەکانیان ھەڵبدەن".

هه‌نگ جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "‎جووڵەی تاکێك لەپێگەیەکەوە بۆ پێگەیەکی تر بڕیاری خودی تاکێکە، بەڵام  جووڵەی حزبێك لەپێگەیەکەوە بۆ ئەویتر بڕیاری دەستەجەمعیەو کاریگەری ئێجگار زۆرتری ھەیە لەسەر کۆی پرۆسە سیاسیەکە، بۆیە، جیاوازی زۆر لەنێوان ڕووداوی یەکەم‌‌و حاڵەتی دووەمدا هەیە".

‎هەوڵی ناڕازیەکانی گۆرەپانەکە (هەنگ) ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "‎دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی هەرێم، پارتی‌و  یەکێتی‌‌و گۆڕان، بێ یەك‌و دوو ستەمکارن‌و لۆژیك پێمان دەڵێ:"مانەوە لەناو دەسەڵاتی ستەمکاردا، بەهەر پاساوێك بێت، شەریکایەتییەکی بێ ئابڕوییە"، چ جای ئەوەی یەکێك ئەمڕۆ ناڕازی بێ‌‌و سبەی بچێتە حزورو خزمەتکردنی ستەمکارانەوە!!".

‎هێرشیكردۆته‌ سه‌ر گۆڕان‌ و وتویه‌تى:"گومانی تێدانییە بەوەی میراتگەرانی سیاسی‌‌و هەلپەرستانی ئەمڕۆی بزوتنەوەی گۆڕان دوێنێ سەریان بۆ پارتی نەوی کردو ئەمڕۆش خەریکی خۆشەکردنی زەمینەی مانگی ھەنگوینین لەگەڵ یەکێتیدا، سواڵی کورسی پەرلەمانی لەم‌ لایەنە دزو گەندەڵ‌و ستەمکارە ھاوشێوەکانی خۆی دەکات".

ناڕازیانی گۆڕەپانەکە لەسەر گۆرانکاری ریشەیی دۆخەکە مکوڕن

‎بڕیاری تاکە ناڕازییەك‌ و پەیوەندیکردنی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، دەمی هەندێ قەوارەی سیاسی کردەوە تا بە ئارەزووی خۆیان تانە لە ھەموو ناڕازیانی گۆڕەپانەکە ‌و لە چەمکی ناڕازیبوون بدەن‌ و بە جۆرێك لە جۆرەکان، بە شانو باڵە شەکەتەکانیان ھەڵبدەن!

‎جووڵەی تاکێك لە پێگەیەکەوە بۆ پێگەیەکی تر بڕیاری خودی تاکێکە، بەڵام  جووڵەی حزبێك لە پێگەیەکەوە بۆ ئەویتر بڕیاری دەستەجەمعیە و کاریگەری ئێجگار زۆرتری ھەیە لەسەر کۆی پرۆسە سیاسیەکە. بۆیە، جیاوازی زۆر لەنێوان رووداوی یەکەم‌ و حاڵەتی دووەمدا هەیە.

‎دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی هەرێم، پارتی ‌و یەکێتی‌ و گۆڕان، بێ یەك و دوو ستەمکارن و لۆژیك پێمان دەڵێ: "مانەوە لەناو دەسەڵاتی ستەمکاردا، بە هەر پاساوێك بێت، شەریکایەتییەکی بێ ئابڕووییە"، چ جای ئەوەی یەکێ ئەمڕۆ ناڕازی بێ‌ و سبەی بچێتە حزور و خزمەتکردنی ستەمکارانەوە!!

‎گومانی تێدا نییە بەوەی میراتگەرانی سیاسی‌ و هەلپەرستانی ئەمڕۆی بزوتنەوەی گۆڕان دوێنێ سەریان بۆ پارتی نەوی کرد و ئەمڕۆش خەریکی خۆشەکردنی زەمینەی مانگی ھەنگوینین لەگەل یەکێتیدا. لە دەستپێكی دروستبوونی گۆڕاندا، بە دڵسۆزی دەنگدەرە خۆبەخشەکانی کوردستان، شۆڕە سواری مەیدان بوو، هەنووکە، سواڵی کورسی پەرلەمانی لەم‌ لایەنە دز و گەندەڵ و ستەمکارە ھاوشێوەکانی خۆی دەکات!!!

‎گەلۆ، هەڵگەڕاوەکانی گردی زەرگەتە چۆن لە روویان دێت دەم لە بابەتی پێگەگۆڕینەوە وەردەن؟ مەگەر ھەر خۆیان نەبوون متمانەی خەڵکیان لەگۆڕنا و مۆمی ئومێد‌ و ھیوای خەڵکیان کوژاندەوە؟ ئەرێ جگە لە ھەڵگەڕاوانی گردی زەرگەتە کێ بەرپرسە لە کێشانی بازنەی نەهامەتی بە دەوری ھاوڵاتیان بە گشتی ‌و سەرگەردانکردنی ناڕازیەکانی گۆڕەپانەکە؟

‎دیارە ھەرزەکارانی نەوەی نوێش، بە کۆنە قین‌ و فیتی ژێربەژێری ستەمکارانەوە، دێت و لەپاڵ تانەدانیدا لە تاکێکی خۆپەرست، پەلاماری کۆی ناڕازیەکانی گۆڕەپانەکە دەدات!!!

‎بۆیە، لە خوێندنەوەی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا دوو لایەن دەبینین: لایەنە حزبیەکان؛ بریتین لە هەموو ئەو حزبانەی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمیان کرد و سەرەڕای تانەدان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکە، کەچی هاتن هەر یەکە و لە روانگەی بەرژەوەندی حزبی خۆیەوە، شەرعیەتیان بە پەرلەمانە بە تەزویر دروستکراوەکە دا ‌و لەوێوە ئەم حکومەتە نەگریسەی ئێستای هەرێمیان پێکهێنا.
‎لایەنی دووەمیش بریتییە لەو خەڵکەی بۆتە قوربانی لا نەکردنەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکان لە بەرژەوەندی گشتی!

‎ دەسەڵاتێك کەرامەتی تاك دەڕوشێنێ، حەیسییەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، مێشکی لە قاڵب دەدا‌، هێزی جەستە‌ و هۆشی پەك بخا، بۆ ئەوەی بەردەوامی بە دۆخە نەخوازراوە فەرز کراوەکەی خۆی بدات، جگە لە کارخستنی ھیچ چارەسەرێکی دیکەی نییە!

‎لە ئێستادا، روو لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجونی نوێنەرانی عیراقین. هێدی هێدی کارتە شاردراوەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەردەخرێن. گەمەی بێئومێکردن‌ و بەلاڕێدابردنی دەنگدەر دەکەونەوە گەڕ. کەواتە، ئەوەی گۆی هونەر دەباتەوە کە ئەم گەمانە نەیجووڵێنێ!

‎هەوڵی ناڕازیەکانی گۆڕەپانەکە (هەنگ) لەم رووداوە‌ و لەوانەی بەدوایدا دێن بەئاگایە‌ و لە هەوڵی یەکخستنی ناڕازیەکان بەردەوامە. هەنگ کار بۆ گۆڕینی ریشەیی لە دەسەڵاتی سیاسی‌ و سیستمی حوکمڕانی هەرێمدا دەکات، بێ ئەوەی وەك قەوارەی سیاسی فەرمی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی  نوێنەرانی عیراقدا بکات. ھاوکات، دەرفەتی هەڵبژاردنەکە لەبار دەبینێ بۆ گەیاندنی پەیامەکانی‌ و هەوڵدان بۆ دوبارە بونیادنانەوەی تاك بۆ ئەوەی ببێتە گۆڕانکارێکی بکەر و کاریگەر.

‎لە کۆتاییدا، ئەمەی روویدا زەنگێکی گەورەیە، لەلایەك بۆ بێدارکردنەوەی ناڕازیەکان لەپێناو کۆبوونەوە لە دەوری یەك، لەلایەکی ترەوە بۆ تاکەکانی کۆمەڵ بۆ ئەوەی بیرێکی جددی لە حاڵی خۆیان ‌و لە ئاییندەی وەچەکانیان بکەنەوە! کاتی ئەوە هاتووە لە بازنەی لۆمەکردنی ئەم قەوارە‌ و ئەو لایەنە بێینە دەرێ و بێینە گۆ‌ و بە کردار دژ بە سووکایەتی پێکردن‌ و گەمەکردن بە قەدەرمانەوە بوەستین ‌و هەرێمێکی شایستە بۆ خۆمان بونیاد بنێین!
 
‎هەوڵی ناڕازیەکانی گۆرەپانەکە (هەنگ)
1ى 5ى 2021



PM:01:02:01/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 1180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت