گۆران بۆ رێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی و تەلەفۆنەکەی فازڵ میرانی کۆدەبێتەوە

‌کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی و نیشتمانی گۆڕان

وێستگە نیوز-

ئەمرۆ شەممە، جڤاتی گشتی و نیشتمانی گۆڕان بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردنی رێککەوتنی هاوپەیمانێتی نێوانیان لەگەڵ یەکێتی کۆدەبێتەوە، هاوکات گفتوگۆ لەسەر ئەو نیگەرانییە فەرمییە دەکرێت کە پارتی لە دژی رێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی گەیاندویەتی بە بزوتنەوەکە.

 
بەپێی زانیارییانەی وێستگە نیوز، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان رێککەوتنی کۆتاییان لەبارەی هاوپەیمانێتی نێوانیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کردووە، ئەمرۆ رۆژی شەممە 1ی ئایاری 2021، جڤاتی گشتی و دواتریش جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی دەنگ بە رێککەوتنەکە بدەن و پەسەندبکرێت.

رۆڵی جڤاتی گشتی گۆڕان لەنێو پەیرەوی پەسەندکراوی بزوتنەوەی گۆڕاندا راوێژکارییە و سەرجەم پەسەندی بڕیار و رێککەوتنەکان دەچێتەوە بەردەم کۆبوونەوە و بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەکە.

چاوەڕواندەکرێت دوای کۆبوونەوەکانی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتیی گۆڕان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕێککەوتنەکە ئاشکرابکرێت، بەپێی زانیارییەکانیش، "ئەو دوو لایەنە لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە شەڕی راگەیاندن ناکەن ودەرفەت بەیەکدی دەدەن بۆ سەرکەوتنی کاندیدەکانیان".
 
هەر بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکاندا، تاوتوێی نیگەرانی  پارتی دیموكراتی كوردستان لە هاوپەیمانێتیكردنی یەكێتی‌ و گۆڕان دەکرێت کە  توڕە و نیگەرانە، و هەڕەشەی كۆتاییهێنانی بە پەیوەندییەكانی كردووە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا.

بزوتنەوەی گۆڕان لە سێ‌ پارێزگاكەی هەرێم‌ و كەركوك، شەش كاندیدی دەبێت، ئەمە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدایە كە لەگەڵ یەكێتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كردویەتی‌.

هاوکات بەگوێرەی زانیارییەكان، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی گۆڕان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی كردووە‌و لە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەی گۆڕان‌ و یەكێتی ئاگاداریكردوەتەوەو رایگەیاندووە، " رێككەوتنەكەیان بۆ دژایەتیكردنی پارتی نیە".

پاش ماوەیەك فازل میرانی وەڵام‌ و هەڵوێستی پارتی بە رێكخەری گشتی گۆڕان راگەیاندووەو جەختیكردوەتەوە،" پارتی توڕە‌و نیگەرانە لەو رێككەوتنە"‌و هەڕەشەی ئەوەشی كردووە، پارتی كۆتایی بە هەموو پەیوەندییەكانی دەهێنێت لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا.

كاندیدەكانی گۆڕان

* لە بازنەكانی ناو شاری سلێمانی گۆڕان ئەمانەی كاندیدكردووە:
- شوناس شێركۆ جدی
- د. رێزان ئەحمەد هەردی
- بەرزان شێخ محەمەد
* لە بازنەی ناوچەی گەرمیان، گۆڕان (هۆشیار عومەر عەلی) كاندیدكردووە، لە بازنەی گەرمیان غالب محەمەد بە سەربەخۆ  كاندیدە.
* لە بازنەی دەڤەری راپەڕین، چەند كەسێك لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان كاندیدكردووە، كە ئەمانەن:
- عەلی قادر
- رەسوڵ بچكۆل
- هێرش عەبدلڕەحمان (لە ئەمریكا نیشتەجێیە)
- بەكر بایز
لەم بازنەیە، (بەكر بایز) چانسی ئەوەی هەیە ببێت بەكاندیدی بزوتنەوەكەی.
لە هەولێر ( برزۆ مەجید ) ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كاندیدە
•    بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجە هیچ كاندیدێكی نابێت، چونكە یەكێتی‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو لەسەر كورسییەكانی ئەو ناوچەیە رێككەوتنیان كردووە.


AM:09:54:01/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 15640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت