وێستگەنیوز وردەکاری لێکتێگەیشتنی یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکان ئاشکرادەکات

‌لۆگۆی کۆمەڵ، یەکێتی و یەکگرتوو

وێستگەنیوز-

لەگەڵ نزیکبوونەوەی دواساتەکانی وادەی دیاریکراوی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ  خۆکاندیدکردن و پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان لایەنەکان سیاسییەکان بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان، نەخشەی هاوپەیمانییەکان و رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان زیاتر رون دەبێتەوە، وێستگەنیوز لەم راپۆرتەدا وردەکاری لێکتێگەیشتنی یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو ئاشکرادەکات کەچاوەڕێ دەکرێت بزوتنەوەی گۆڕانیش بێتەناو ئەو هاوپەیمانیەتییەوە.

بەگوێرەی بەدواداچونەکانی وێستگەنیوز یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ گەیشتوونەتە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن بەجۆرێک هیچ کامێکیان لەناوچەی جێگەی نفوز و پێگەی جەماوەری ئەوی دیکە، کاندیدییان نەبێت بۆ نمونە لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە هەر یەک لەیەکگرتوو و کۆمەڵ کاندیدیان دەبێت و یەکێتی کاندیدی بۆ هەڵبژاردنەکە لەپارێزگای هەڵەبجە نابێت و پشتیوانی کاندیدەکانی ئەو دوو حزبەکە دەکات.

بەگوێرەی سیستەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق (هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزو و پێنجوێن یەک بازنەی هەڵبژاردنن و سێ نوێنەریان دەچێتە پەرلەمان)، لەسەر ئەو بنەمایەش کۆمەڵ ئەحمەدی حاجی رەشید و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش موسەننا ئەمین-یان کاندیدکردوەتەوە کە هەردووکیان ماوەی دوو خولی رابردووش ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوون.

پەیوەست بەبازنەی ئیدارەی راپەڕینیش کە بەم شێوەیەیە (قەڵادزێ، رانیە و دوکان یەک بازنەی هەڵبژاردنن و چوار نوێنەریان دەچێتە پەرلەمان)، کۆمەڵ و یەکێتی گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و بڕیارە سۆران عومەر پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەڵ لەپەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەو بازنەیە خۆی کاندید بکات.

پەیوەست بەم بابەتە فاروق عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری كوردستان بەوێستگەنیوزی راگەیاند، کۆمەڵی دادگەری کوردستان بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکەی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەوڵێکی زۆریدا بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و هاوپەیمانی هیوان بگەنە رێککەوتن، بەڵام ئەو رێککەوتنە ئەنجام نەدرا بۆیە لەئێستادا کۆمەڵ لەبازنەکانی هەڵەبجە، سلێمانی، ئیدارەی راپەڕین و دوو بازنەی پارێزگای هەولێر کاندیدی خۆی دەبێت و لەگەڵ لایەنەکانیش بۆ ئەوەی بانگەشەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێت هەماهەنگیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆمەڵ لەهەڵەبجە ئەحمەدی حاجی رەشید، لەراپەڕین سۆران عومەر، لەهەولێر عەبدولستار مەجید و خوشکێک و لەسلێمانییش خوشکێکی دیکەمان کاندیدکردوە، ئێمە باوەڕمان بەتوانا و لێهاتوویان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن سەرکەوتوو بن".

جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

بەرامبەر پشتیوانیکردن بۆ دەرچواندنی دوو نوێنەری کۆمەڵی دادگەری کوردستان و دوو نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کەیەکێکیان لەهەڵەبجە و یەکێکی دیکەشیان لەدهۆک دەبێت، ئەو دوو حزبە پێویستە لەسەرجەم بازنەکانی پارێزگای سلێمانی، کەرکوک، ئیدارەی گەرمیان، دهۆک و زۆرینەی بازنەی پارێزگای هەولێریش هیچ کاندیدێکی دیکەیان نەبێت و لەسەرجەم بازنەکان پشتیوانی لەکاندیدەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بکەن، لەئەگەری هاتنەناوەوەی بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆ ناو ئەم رێککەوتنە چاوەڕێ دەکرێت یەکێتی لەچەند بازنەیەک کاندیدەکانی خۆی بۆ کاندیدەکانی گۆڕان بکشێنێتەوە.

لەوبارەیەوە خەلیل سلێمان، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەکگرتوو بە وێستگەنیوز-ی راگەیاند، یەکگرتوو سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق و سەبارەت بەکاندیدی حزبەکان و پرسی هاوپەیمانییەتیش سەرەڕای بەردەوامی گفتوگۆکان، بەڵام تا رۆژی شەممە 1ی ئایار کاتیان لەبەردەست ماوە بۆ یەکلاییکردنەوەی چۆنیەتی بەشداریکردن و شێوازی دانانی کاندید لەبازنەکانی هەڵبژاردن.

جگە لەرێککەوتنی یەکێتی و لایەنەکانی دیکە، پارتی و هاوپەیمانی هیواش بەجیا بەشداری کێبەرکێی ئەمجارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکەن، بەگوێرەی زانیارییەکانی وێستگەنیوز پارتی دیموکراتی کوردستان لەکۆی 83 بازنەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق لە 29 بازنەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی سەربەخۆ دەچێتە هەڵبژاردنەوە کەپارێزگاکانی هەرێم، کەرکوک، موسڵ و ژمارەیەک ناوچەی دیکەش دەگرێتەوە و لەئێستادا پارتی کاندیدەکانی خۆی یەکلاییکردوونەتەوە.

پەیوەست بەهاوپەیمانی هیواش کە هاوپەیمانیەتییەکە و لە 15 پەرلەمانتار پێکهاتووە، 6 كەسیان بەنیازن جارێكی تر خۆیان كاندید بكەنەوە و سیانیان بەناوی سەربەخۆ‌و سیانی تریان بەناوی حزبەكانیان دەچنە ناو هەڵبژاردنەوە. 

بەگوێرەی بەدواداچونەکانی وێستگەنیوز غالب محەمەد، سەرکەوت شەمسەدین و رێبوار کەریم ئەندامانی هاوپەیمانی هیوای کوردستان بەنیازن لەدەرەوەی حزبەکان و بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان کاندید بکەنەوە، بەجۆرێک غالب محەمەد لەسەر بازنەی گەرمیان و دوو پەرلەمانتارەی دیکەش لەسەر بازنەکانی پارێزگای سلێمانی بەنیازن خۆیان کاندید بکەنەوە، هەروەها سێ پەرلەمانتارەکەی دیکەش بەناوی حزبەكانی خۆیانەوە بانگەشە دەکەن كە بریتین لە (ئەحمەد حاجی رەشید، موسەننا ئەمین، جەمال كۆچەر).

هەرچی پەیوەندی بە بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە هەیە چاوەڕێ دەکرێت ئەو حزبەش هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتیدا ئەنجام بدات، لەوبارەیەوە هۆشیار عومەر رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بۆ رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی "لەڕووی کردارییەوە هەنگاوی زۆر باش نراوە، لە ئەم سیستمەی هەڵبژاردن هاوپەیمانی ئاسان نییە، ئەوەی هەیە دەکرێت چەند کارێک بکرێت لەوانە هەماهەنگی، ئارامی لەکاتی کامپەین و کەمکردنەوەی بەربژێرەکانە."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لەگەڵ یەکێتی رێکبکەون، ئەوا بەربژێرەکان کەمدەکەنەوە، "بۆ ئەوەی دەنگەکان پەرش و بڵاو نەبن، نەک ئەوەی دەنگدەری ئێمە دەنگ بدات بە بەربژێری یەکێتی یان دەنگدەری یەکێتی دەنگ بدات بە بەربژێری ئێمە."

هۆشیار عومەر ئەوەشی خستووەتەڕو، هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ یەکێتی بۆ هەموو کوردستانە. لەبارەی پەیوەندیکردنی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی بۆ نێو هاوپەیمانێتییەکە گفتوگۆ و هەماهەنگی کراوە.

هـ.هـ


PM:10:06:29/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 8652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت