حکومەتی سووریا بە تەواوی کۆنترۆڵی شاری حەلەبی لەدەستدا
وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا
حەلەب'ـی دووەم گەورە شاری سووریا، بۆ یەکەمجار لەدوای سەرهەڵدانی ململانێکان، ئێستا لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادایە و گروپەکانی تەحریر شام و لایەنە هاوپەیمانەکانی کۆنترۆڵی سەرجەم ئەو گەڕەکانەیان کردووە کە هێزەکانی ڕژێمی تێدا جێگیرکرابوون.
بەپێی هەواڵێکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمرۆ یەکشەممە 1ـی کانوونی دووەمی 2024 . "گروپی تەحریر شام و لایەنە ئۆپۆزسیۆنە هاوپەیمانەکانی؛ کۆنتڕۆڵی تەواوی شاری حەلەبیان کردووە، جگە لەو گەڕەکانەی کە لەژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکاندان، ئەمەش بۆ یەکەمجارە لە پاش سەرهەڵدانی ململانێکانەوە، رژێمی سووریا دەسەڵاتی 100%ـی لەو شارەدا لەدەستدا.
ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، بارەگا سەربازییەکانیان ڕێکخستووتەوە و خاڵی نوێی سەربازییان لەناو جەرگەی شاری حەما داناوە. هەروەها هێزی سەربازیی گەورەیان ڕەوانەی شوێنە ستراتیژییەکان و گوندەکانی باکووری پارێزگای حەما کردووە؛ ئەمەش لە ئەگەری دزەکردنی هێزەکانی تەحریر شام و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی هاوپەیمانیان.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری سووریا ڕایگەیاندووە، یەکینەکانی سووپا کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن، "هێڵەکانی بەرگریی خۆیان بە ئامرازی جۆراوجۆری جەنگی و سەربازی بەهێزکردووە و ڕووبەڕووی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بوونەتەوە و ڕێگریان لەهەر پێشێلکارییەک کردووە".
هەر لە هەمان چوارچێوەدا وەزیری دەرەوەی ئێران پشتیوانی "پتەوی" وڵاتەکەی بۆ دیمەشق دووپاتکردووەتەوە. ڕۆژی چوارشەممە، گروپی تەحریر شام (پێشتر بەرەی نوسرە پێش جیابوونەوە لە قاعیدە) و کوتلە ئۆپۆزسیۆنە کەم کاریگەرییەکان هێرشێکی بێ وێنەیان دەستپێکرد و بە توندوتیژترین هێرشی سەربازی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە 13 ساڵی ماوەی ململانێکانی سووریا دادەنرێت.
PM:03:35:01/12/2024
ئهم بابهته 2116
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت