ئەڵمانیا داوا لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات بەپەلە لوبنان جێبهێڵن
وێستگهنیوزـ
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، رۆژی دووشەممە ئەڵمانیا دووبارە داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد بەپەلە لوبنان جێبهێڵن و لەهەمان کاتیشدا هۆشداری دەربارەی هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی دەربڕی.
سێباستیان فیشەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا رایگەیاند، "لە دوای پەرەسەندنی گرژییەکان و بەرزبوونەوەی ئەگەری شەڕی ئاشکرا لە نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیلدا، پێویستە بە پەلە هاووڵاتیانمان لە خاکی لوبنانەوە بگەڕێنەوە ئەڵمانیا".
فیشەر وتی: "لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023هوه هۆشداریی سەفەرمان دەرکرد و داوامان لە هاووڵاتییانمان کرد لوبنان بەجێبهێڵن، ئێستاش ئەم بانگەوازە نوێ دەکەینەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هێشتا هەزار و 300 کەس هەن کە ڕەگەزنامەی ئەڵمانییان هەیە لە لیستی ئامادەکاری بۆ قەیرانەکان تۆمارکراون و دەڵێن لە لوبنان نیشتەجێن".
هەروەهە بەپێی هەواڵەکە، لە پێشتردا گروپی هێڵی ئاسمانی ئەڵمانی (لوفتانزا) بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ بەیروتی پایتەختی لوبنان راگەیاندووە.
ئەم گرژییانەی لە ئێستادا وڵاتی لوبنانی گرتووەتەوە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کوژرانی 12 دروز لە رێگەی هێرشێکی مووشەکییەوە لە شارۆچکەی مەجدال شەمس لە بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا کەلە ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدایە.
لەدوای ئەم رووداوەش سوپای ئیسرائیل حزبوڵڵا بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشت ئەم رووداوەوە بێت و سوێندی خوارد کە وەڵام بداتەوە، بەڵام بزووتنەوەکە بە توندی ڕەتیکردەوە هیچ بەرپرسیارێتییەک لەو ڕووداوەدا هەبێت.
دەیان ساڵە ئیسرائیل زەویەکانی لوبنانی لە باشوور و بەرزاییەکانی جۆلانی سوریای داگیرکردووه، لەگەڵ ناوچە فەلەستینییەکاندا.
PM:07:24:07/08/2024
ئهم بابهته 2304
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت