دانیشتوانی غه‌ززه‌ پڕ به‌ دڵ حه‌زیان له‌ ئاگربه‌سته‌ ئه‌گه‌ر كاتی-ش بێت


وێستگه‌نیوز-
دانیشتوانی كه‌رتی غه‌ززه‌ی فه‌له‌ستین، له‌ هه‌مو كه‌س زیاتر، به‌ ئومێدێكی گه‌وره‌ و نیگه‌رانییه‌كی گه‌وره‌تره‌وه‌، چاودێری ئه‌و هه‌واڵانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی پێشنیاری "ئاگربه‌ستی مرۆیی" بۆ شه‌ڕه‌كه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی كاتیش بێت، شه‌ڕێك  نزیكه‌ی 7 مانگه‌ ئیسرائیل له‌ دژی ئه‌وان ئه‌نجامیده‌دات.


قاهیره‌ كار له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی "رێكه‌وتنی ئاگربه‌ستی مرۆیی" ده‌كات كه‌ ره‌نگه‌ بگۆڕدرێت بۆ "رێكه‌وتنی هه‌میشه‌یی"، له‌ پێناو ئه‌وه‌ی ئیسرائیل په‌لاماری شاری ره‌فه‌ح نه‌دات كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ باشوری كه‌رتی غه‌ززه‌ و هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ میسر و نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن و نیو فه‌له‌ستینی له‌خۆده‌گرێت كه‌ به‌شی زۆریان ئاواره‌ن.

له‌گه‌ڵ دزه‌پێكردنی هه‌ندێك به‌ندی رێكه‌وتنه‌كه‌، له‌وانه‌ رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئاگربه‌ستی كاتی، كشانه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ میحوه‌ری "نتساریم" كه‌ باكوری غه‌ززه‌ له‌ ناوه‌ڕاست و باشوری غه‌ززه‌ جیاده‌كاته‌وه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌ ناوچه‌كانی باشوری كه‌رتی غه‌ززه‌، بۆ شوێنی نیشته‌جێبونیان له‌ باكوور، ده‌نگ و هه‌رای ئاواره‌ غه‌ززه‌ییه‌كان له‌ كه‌مپه‌كانی باكوور و باشوری غه‌ززه‌ به‌رزبووه‌وه‌ و به‌ چاوی پڕ فرمێسكه‌وه‌، هه‌لهه‌له‌ و ته‌كبیریان لێده‌دا.

هودا ئه‌لعامودی، دوای ئه‌وه‌ی به‌ هه‌لهه‌له‌یه‌ك دڵخۆشی خۆی بۆ هه‌واڵه‌ نوێیه‌كان ده‌ربڕی وتی: "خوایه‌ گیان"، پاشان به‌ رۆژنامه‌ی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت ده‌ڵێت: "پڕ به‌ دڵ حه‌ز به‌ بینینی دایكم و براكانم ده‌كه‌م، له‌و رۆژه‌وه‌ی رۆشتوون بۆ باشوور، یه‌كترمان نه‌بینیوه‌، ژیانی ئه‌وان سه‌خته‌ و ژیانی من سه‌ختتر، دایكم ته‌مه‌نی 73 ساڵه‌، ده‌ترسم جارێكی دی نه‌یبینمه‌وه‌".

هودا 3 مانگ له‌مه‌وبه‌ر، له ئه‌نجامی بۆردومانی ماڵه‌كه‌یان، ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام زۆر دڵخۆشه‌ به‌و راپۆرتانه‌ی باس له‌ ئه‌گه‌ری ئاگربه‌ست ده‌كه‌ن و ده‌ڵێت: "هه‌واڵه‌كان رۆح به‌ به‌ر مرۆڤدا ده‌كه‌نه‌وه‌، خوایه‌ گیان حه‌ماس رازیبێت، ئیشه‌ڵا شه‌ڕه‌كه‌ راده‌وه‌ستێت و ئێمه‌ش هه‌ر هه‌موومان ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانمان و سه‌رله‌نوێ كۆده‌بینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی كاتیش بێت، شه‌كه‌ت بووین و ده‌مانه‌وێت پشووبده‌ین".

هه‌واڵه‌كان باس له‌ رێكه‌وتنێك ده‌كه‌ن كه‌ به‌ چه‌ند قۆناغێك جێبه‌جێ ده‌كرێت، قۆناغی یه‌كه‌م 6 هه‌فته‌ ده‌خایه‌نێت، له‌به‌رامبه‌ردا حه‌ماس له‌و بارمتانه‌ی لایه‌تی، نزیكه‌ی 20 بۆ 40 بارمته‌یان ئازاد ده‌كات و ئیسرائیلیش به‌ سه‌دان دیلی فه‌له‌ستینی ئازاد ده‌كات.
ئیسرائیل رازیبووه‌ له‌ ماوه‌ی ئاگربه‌سته‌كه‌دا، له‌ میحوه‌ری نتساریم بكشێته‌وه‌ و رێگه‌ به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دانیشتوانی باكوری كه‌رتی غه‌ززه‌ بدات، له‌ باشووره‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ باكوور.

سامح ئه‌لفیرانی یه‌كێكه‌ له‌ دانیشتوانی گه‌ڕه‌كی شێخ ره‌زوان له‌ باكووری غه‌ززه‌ و به‌م دواییانه‌ و پاش عه‌یامێك له‌ ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ربوون، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی و ده‌ڵێت: "هه‌ر رێكه‌وتنێك بكرێت گرنگه‌. هیوادارم وه‌ڵامی حه‌ماس بۆ ئه‌وه‌ی خراوه‌ته‌ڕوو، ئه‌رێنی بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئاگربه‌ستێكی كاتی مرۆیی چه‌ند هه‌فته‌یش بێت، ده‌مانه‌وێت تۆزێك بحه‌سێینه‌وه‌. ده‌مانه‌وێت كه‌سوكارمان بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌سه چیتر ئازاری ده‌ربه‌ده‌ری و كوشتن و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌یه‌كترمان ناوێت".

ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 29ی نیسانی 2024، له‌گه‌ڵ گه‌شتنی شاندی حه‌ماس بۆ قاهیره‌، هیوای غه‌ززه‌ییه‌كان به‌رزتر بووه‌وه‌ و ئه‌مجاره‌ گره‌و له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی میسر ده‌كه‌ن.

یاسر ئه‌بو ره‌مه‌زان كه‌ دانیشتووی كه‌مپی جه‌بالیایه‌ ده‌ڵێت: "بێگومان نامانه‌وێت به‌ مه‌رجه‌كانی ئیسرائیل رازی ببین، به‌ڵام زۆر به‌په‌رۆشین و به‌وپه‌ڕی تامه‌زرۆییه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌و چركه‌ساته‌ ده‌كه‌ین كه‌ تێیدا شه‌ڕه‌كه‌ راده‌وه‌ستێت. له‌و بڕوایه‌دام له‌ ئێستادا راگرتنی شه‌ڕه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی قورسه‌، ده‌كرێت له‌ كاتێكی دیكه‌دا، رێكه‌وتنی كۆتایی بكرێت".

خاتو مه‌ره‌ح جه‌مال، له‌ نه‌خۆشخانه‌ی "الیمن السعید" له‌ جه‌بالیا ئاواره‌یه‌، دوای ئه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ی بۆردومان ده‌كرێت، جگه‌ له‌ گریان هیچی دیكه‌ی پێنه‌كراوه‌، ئێستا پاش بیستنی هه‌واڵی "ئاگربه‌سته‌ نوێیه‌كه‌" ده‌ڵێت: "گریام، هه‌ستم كرد له‌ مردن گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌، نوێژ له‌ پێناو سه‌ركه‌وتنی هه‌وڵه‌كانی میسر ده‌كه‌م و ئه‌م خه‌مه‌ بڕوات و نه‌مێنێت و ورده‌ ورده‌ ژیانمان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌م خانمه‌ فه‌له‌ستینییه‌ نیگه‌رانه‌ و ده‌ڵێت:"بڕوا ناكه‌ین بتوانین بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ژیانێكی ئاسایی، من نازانم ته‌نانه‌ت ده‌توانین بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ژیانێكی له‌و شێوه‌یه‌ یان ئاگربه‌ستێكی له‌و شێوه‌یه‌ بێته‌ئاراوه‌".


PM:09:28:29/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت