سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كه‌ی‌ ئیسرائیل، ئیتاڵیا داواكارییه‌ك ئاراسته‌ی‌ ئێران ده‌كات


 وێستگه‌نیوز، AFP-
له‌ نێوه‌ندی ترس و نیگه‌رانییه‌كاندا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری ڕوودانی هێرشێكی ئاسمانی له‌ تارانه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئیسڕائیل، وڵاتی‌ ئیتاڵیا له‌ڕێی‌ وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌یه‌وه‌ داوا له‌ ئێران ده‌كات كه‌ دان به‌ خۆیدا بگرێت.

ئه‌نتۆنیۆ تاجانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "داوای  میانڕه‌یی-م له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران حسێن ئه‌میر عه‌بدولـله‌هیان كردووه‌".

وتیشی: "ناتوانین له‌م قۆناغه‌ ناجێگیره‌ی ئێستادا بكه‌وینه‌ مه‌ترسی په‌ره‌سه‌ندنی گرژییه‌كانه‌وه‌، پێویسته‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌رپرسیارێتی خۆیان پیشان بده‌ن".

داواكه‌ی تاجانی له‌ نێوه‌ندی ترس و نیگه‌رانییه‌كاندا دێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ تاران به‌هۆی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كه‌ی ئیسڕائیله‌وه‌ له‌م مانگه‌دا بۆ سه‌ر بینای كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ سوریا كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی حه‌وت ئه‌ندامی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران، تۆڵه‌ له‌ ئیسرائیل ده‌كاته‌وه‌.

له‌ دوای ده‌ستپێكردنی جه‌نگی غه‌ززه‌، ئیسڕائیل هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی بۆ سه‌ر ئامانجه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ئێرانه‌وه‌ له‌ سوریا زیاتر كردووه‌.

ڕۆژی هه‌ینی به‌رپرسێكی كۆشكی سپی وتی: "هێشتا مه‌ترسییه‌كه‌ی ئێران راسته‌قینه‌یه‌".


تاجانی داوای له‌ ئه‌میر عه‌بدولـله‌هیان كردووه‌ " كاریگه‌رییه‌كی میانڕه‌ویی هه‌بێت له‌سه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا".





PM:09:22:12/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت