فڕۆکەخانەکانی حەلەب و دیمەشق بۆردوومانکران و لەکارکەوتن
وێستگهنیوزـ
میدیای سوریا رایگەیاند، لە دەریای ناوەڕاست و بەرزاییەکانی جۆلانەوە چەند مووشەکێک ئاراستەی هەردوو فڕۆکەخانەی حەلەب و دیمەشق کران، بەو هۆیەوە کارمەندێکی مهدهنی کوژراوە و یەکێکی دیکەشیان بریندار بووە و هەردوو فڕۆکەخانەکەش لەکارکەوتوون.
ئهمڕۆ یەکشەممە 22ی تشرینی یهكهمی 2023 ئاژانسی هەواڵی سوریا رایگەیاند: "بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سەربازیمان، ئەمڕۆ دەوروبەری کاتژمێر پێنجی بەیانی، سوپای ئیسرائیلی دوژمن، لە دەریای ناوەڕاستەوە لە رۆژئاوای لازقیە و لە ئاراستەی بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوەوە، چەند مووشەکێکیان ئاراستەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق و حەلەب کرد".
لەبارەی زیانەکانی هێرشەکە، لە راگەیهندراوەکەدا هاتووە: "لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکەدا لە فڕۆکەخانەی دیمەشق، کرێکارێک شەهید بوو و یەکێکی دیکەش بریندار بوو، هەروەها زیانی ماددی بە رێڕەوی فڕینی هەردوو فڕۆکەخانەکە کەوت و وایکرد لەکاربکەون".
لهو بارهوه وەزارەتی گواستنەوەی سوریا رایگهیاند: "گەشتەکانی هەردوو فڕۆکەخانەکە، گواستراونەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی لازقیە".
لەوکاتەی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، چەند جارێکە فڕۆکەخانەکە دەکرێتە ئامانج، رۆژی 12-10-2023 هەردوو فڕۆکەخانەی حەلەب و دیمەشق هێرشیان کرایەسەر. لە 14ـی ئهم مانگهش فڕۆکەخانەی حەلەب دووبارە بووە ئامانجی چەند مووشەکێک.
لەدوای شەڕی ناوخۆی سوریاوە. ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشی ناوبەناو بۆ سەر ئەو فڕۆکەخانانە بەبیانووی گەیاندنی هاوکارییەکانی ئێران بە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد.
AM:10:09:22/10/2023
ئهم بابهته 600
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت