توركیا: عێراق وه‌ڵامێكی ئه‌رێنی نیشانداوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندێكی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا رایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تی‌ عێراق وه‌ڵامێكی ئه‌رێنی نیشانداوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندێكی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌ دژی پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان "په‌كه‌كه‌".


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ی‌ ئاداری‌ 2024 وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا ئاشكرایكرد كه‌ "سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی ناوه‌ندێكی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌ دژی په‌كه‌كه‌ پێشنیاری بۆ عێراق كردووه‌ و هه‌فته‌ی رابردووش به‌غدا وه‌ڵامێكی ئه‌رێنی داوه‌ته‌وه‌".

به‌رپرسێك كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت بۆ ئاژانسی‌ رۆیته‌رز ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ "ئه‌نقه‌ره‌ ده‌یه‌وێت دامه‌زراندنی ناوه‌ندێكی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش بخرێته‌ ناو به‌ڵگه‌نامه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ كه‌ پێشبینی ده‌كرێت له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بۆ عێراق واژۆ بكرێت".

به‌رپرسانی باڵای توركیا و عێراق له‌ نێویاندا وه‌زیرانی به‌رگری، هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌ به‌غدا كۆبوونه‌وه‌ و تاوتوێی پرسه‌ ئاسایشییه‌كانیان كرد.

هاوكات ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵی‌ فه‌رمی‌ توركیا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "له‌چه‌ند ئاستێكی دیاریكراودا گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ عێراق به‌رده‌وامه‌. له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا له‌ به‌غدا دووه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌نجامدرا كه‌ له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌مدا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ساز كرا. ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ڵگه‌ی چوارچێوه‌ی ستراتیجی درێژه‌ی هه‌یه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا واژوو بكرێت".

ئاژانسه‌كه‌ له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌كانیه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ توركیا ده‌ڵێت: "یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی كه‌ ئێمه‌ ده‌خوازین له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌بێت دامه‌زراندنی ناوه‌ندی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شه‌. له‌ دوای واژووكردنی ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ ورده‌كاریه‌ ته‌كنیكییه‌كان له‌باره‌ی كاركردنی ئه‌م ناوه‌ندی ئۆپه‌راسیۆنه‌ دیاری ده‌كرێن".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی لایه‌نی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی به‌غدا له‌باره‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، سه‌رچاوه‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا ده‌ڵێن: "لایه‌نی عێراقیش ڕێكخراوی په‌كه‌كه‌ به‌مه‌ترسی ده‌بینێت و به‌ ئه‌رێنیی له‌ ناوه‌ندی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش و داواكاریه‌كانی دیكه‌مان بۆ هاریكاری له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر ده‌ڕوانن".

ئاشكراشیان كردووه‌ كه‌ "له‌ قۆناغی داهاتوودا كاره‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق له‌ باره‌ی پرسه‌كانی وه‌ك به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و ئاسایشی سنوور زیاد ده‌كه‌ین و به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ریان".

توركیا له‌ ساڵی 2019ه‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ سه‌ربازی‌ له‌ودیو سنوره‌كانییه‌وه‌ له‌ دژی په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ژێر ناوی " چنگی پڵنگ" ده‌ستپێكردووه‌ و تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌.


PM:10:48:21/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت