ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: كه‌سێك ده‌ستگیركرا كه‌ له‌ شه‌وی ئاهه‌نگگێڕانه‌كه‌ی به‌رده‌م پارێزگای كه‌ركوك دروشمیان بۆ سه‌دام وتبوه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ده‌ستگیكردنی كه‌سێكی راگه‌یاند كه‌ له‌ چه‌ند شه‌وی رابردوودا به‌هۆی راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌  به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ به‌رده‌م بینای پارێزگای كه‌ركوك دروشمیان بۆ سه‌دام وتبوه‌وه‌.

ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ستگیركراوه‌، له‌ شه‌وی ئاهه‌نگگێڕانه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ چه‌ندین كه‌سی دیكه‌ له‌ ڤیدیۆیه‌كدا ده‌ركه‌وتبوون كه‌ ستایشی رژێمی پێشووی به‌عس و سه‌دام حسێن-ی سه‌رۆكی ئه‌و رژێمه‌یان كردبوو.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی حزبی به‌عس به‌ ژماره‌ 32ی ساڵی 2016 مه‌فره‌زه‌كانی ئاسایشی نیشتمانی له‌ شاری كه‌ركوك ئه‌و كه‌سیان ده‌ستگیركردوه‌.

له‌سه‌ر هه‌مان تۆمه‌ت، دادگای تاوانه‌كانی كه‌ركوك، سزای 5 ساڵ زیندانیی به‌سه‌ر 10 كه‌سی دیكه‌دا سه‌پاندوه‌ كه‌ ئه‌ندامانی هه‌مان تۆڕی زیندوكردنه‌وه‌و ستایشی رژێمی به‌عسی پێشوو بوون و له‌ وته‌ وه‌رگیراوه‌كانیاندا دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ سه‌ر به‌ حزبی به‌عس بوون و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بانگه‌شه‌یان بۆ ئه‌و حزبه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌ كردوه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا لایه‌نگرانی هه‌ندێك له‌ لیسته‌ به‌شداربووه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق له‌ به‌رده‌م بینای پارێزگای كه‌ركوك دروشمی "بروح بدم نفدیك یا صدام"یان وتبوه‌وه‌و وێنه‌ی سه‌رۆكی رژێمی به‌عسی رووخاویان به‌رز كردبوه‌وه‌.


PM:05:12:22/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 1800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت