لە ساڵیادی کوژرانی سولەیمانی و موهەندیسدا لە 11 پارێزگای عێراق کرایە پشوو


وێستگەنیوز-

لە سێیەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بۆ رۆژی سێشەممە لە 11 پارێزگای عێراق کرایە پشوو.

 
محەممەد جابر عەتا پارێزگاری بەغدا رایگەیاند، سبەی لە دیوانی پارێزگا و فەرمانگەکانی سەر بە پارێزگا پشووی فەرمییە. هەروەها پارێزگاکانی نەینەوا، سەلاحەددین، دیالە، بابل، زیقار، دیوانییە، واست، موسەننا و بەسرە پشوویان راگەیاندووە.
 
رۆژی دووشەممە 2-1-2023، رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە، بەبۆنەی سێیەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس "سبەی سێشەممە جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، لە سەرجەم دامودەزگە فەرمییەکانی پارێزگای نەینەوا کرایە پشووی فەرمی."
 
هەروەها راکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە: "وەک وەفایەک بۆ شەهیدانی سەرکردەکانی سەرکەوتن، سبەی سێشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگای کەرکووک و قوتابخانە و کۆلیژەکان پشووی فەرمییە."
 
بەرەبەیانیی 3ی کانوونی دووەمی 2020، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا هەریەک لە قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشووى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران و ئەبو مەهدى موهەندیس، جێگرى پێشووى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کردە ئامانج و هەردووکیان کوژران.
 
بۆردوومانەکە کاردانەوەی ئێران و بەشێکی زۆر لە هێزە شیعەکانی عێراقی بەدوادا هات. رۆژی 5-1-2020 پەرلەمانی عێراق بەبێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و بەشێک لە سوننەکان کۆبووەوە و بڕیاریدا هێزە بیانییەکان خاکی عێراق جێبهێڵن.


PM:09:27:02/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 2964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو