شۆڕش ئیسماعیل: لەو ماوەیەی دوورکەوتمەوە وەزارەتی پێشمه‌رگه‌ بە قۆناخێکی دژواردا تێپەڕیوە

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە

وێستگه‌نیوزـ

شۆڕش ئیسماعیل ئەمڕۆ وەک وەزیری پێشمەرگە دەستبەکاربووەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا رایگەیاند، لەو ماوەیەی دوورکەوتوه‌تەوە وەزارەتی پێشمەرگە بە قۆناخێکی دژواردا تێپەڕیوە و لەمپەر بۆ پرۆسەی چاکسازی دروستبووە و پرۆسەکە خاوبووەتەوە.
 
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تشرینی دووه‌می 2023، گەڕایەوە سەر کارەکەی و نیوەڕۆی هەمان رۆژ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هۆکارەکانی گەڕانەوەی ئاشکرا کرد.
 
وەزیری پێشمەرگە لە بەشێکی وتەکانیدا وتی: "ماوەیەکی زۆر دوورکەوتمەوە لە ئەرکەکەم و لەو ماوەیەدا وەزارەتی پێشمەرگە بە قۆناخێکی دژواردا تێپەڕیوە لە هەماهەنگی و لەمپەر و بۆ پرۆسەی چاکسازی دروستبووە، پرۆسەکە خاوبووەتەوە".
 
هەروەها وتی: "لەکاتێکدا ناوچەکە بە دۆخێکی زۆر هەستیاری سەربازی و سیاسیدا دەڕوات و مەترسیی جیدی لە ئارادایە، بۆیە ئەو دۆخە خراپەی ناو وەزارەتی پێشمەرگە مایەی نیگەرانیی هەمووان بوو"، کە بە وتەی خۆی ئەمە بووەتە هۆی گەڕانەوەی.
 
شۆڕش ئیسماعیل، باسی لە ئامانجی کارەکانی کرد لەکاتێکدا وەک وەزیری پێشمەرگە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بوو و، وتی: "هەموو ئامانج و بنەمای کارکردنمان لەپێناو پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە... دەتوانم بە شانازییەوە رایبگەیەنم کە وەزارەتی پێشمەرگە بەو دەستکەوتانە و رووبەڕووبەنەوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، توانی روویەکی جوانی نیشتمانی پیشانی هەموو جیهان و دۆستەکانمان بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیشەوە بدات".
  
وەزیری پێشمەرگە سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی کرد، وتی: "رۆڵیان بەرزدەنرخێنین لە چاکسازی و پرۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی پێشمەرگە".


PM:12:36:27/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 1288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو