شنگال.. شاندێکی حکومەتی عیراق لەگەڵ ئێزیدخان کۆبوونەوە
شاندە ئەمنیەکەی عیراق لە شنگال
وێستگە نیوز ـ
شاندێکی باڵای ئەمنی عیراق، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ رەوشی ئەمنی و جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال-ی نێوان هەرێم و بەغدا، سەردانی ئەو شارەیان کرد.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عیراق بڵاویکردەوە، کە شاندێکی باڵای ئەمنی لە بەغداوە گەیشتووەتە قەزای شنگال لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، کە ئامانج لە سەردانی شاندەکە، بەدواداچوونەکردنە بۆ رەوشی ئەمنی و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی شنگال.
بەپێی ئەو زانیارییانەی وێستگە نیوز کە لە سەرچاوە خۆجێییەکان دەستیکەوتووە، "شاندەکە سەردانی هێزی پاراستنی ئێزیدخان-یان کردووە کە لەلایەن گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان سەرپەرشتی دەکرێن و تاوتوێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق-یان کردووە بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی شنگال".
ئاماژەی بەوەشداوە، کە شاندەکە لە ھەریەک لە فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپا فەریق روکن عەبدولئەمیر شممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، قاسم ئهعرهجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی، حەمید شەتری، بریکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی، بەڕێوەبەری ھەواڵگریی سەربازیی و فەریق روکن قاسم محەمەد ساڵح، فەرماندەی ھێزەکانی وشکانیی پێکھاتووە.
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عیراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.
PM:12:40:15/03/2021
ئهم بابهته 3804
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت