سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە شنگال حاڵەتی ئامادەباشی رادەگەیەنن
شنگال
وێستگەنیوز-
بەهۆی مەترسی کردنەئامانجی ناوچەکانی سنوری قەزاکە لەلایەن فڕۆکەجەنگییەکان و سوپای تورکیاوە، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و یەبەشە و ھێزەکانی دیکە لە شنگال حاڵەتی ئامادەباشیان راگەیاند.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە قەزای شنگال بە وێستگەنیوزی راگەیاند:" لە دوێنێوە بەتایبەت دوای ھێرشی سوپا تورکیا بۆ سەر چیای گارە، لە بەر ھێرشی لەناکاوی تورکیا سوپا و حەشدی شەعبی حاڵەتی ئامادەباشیان لە شنگال راگەیاندووە".
وتیشی:" سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و یەکینەکانی بەرخودانی شنگال و ئاسایشی ئێزدخان بە تەواوی لە ئامادەباشیدان، بەجۆرێک لە سەنتەری شنگال و گوندی بارا و گەلی کەرسێ و سنوری نێوان عێراق و سوریا و نزیک رەبیعە و چەند ناوچەیەکی دیکە ئەو ھێزانە لە ئامادەوباشیدان".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، جمۆجۆڵی سەربازی لە ناو شنگال زیاتر بووە لە مەترسی ھێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر شنگال.
دوێنێش وەزارەتی بەرگری تورکیا لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، هێزێکی سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنی "چنگی پڵنگ-2"یان بۆسەر بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەچیای گارەی سنوری قەزای ئامێدی لەپارێزگای دهۆک دەستپێکردوە و لەئەنجامی روبەڕوبونەوەیاندا لەگەڵ هێزەکانی پەکەکە دو سەربازیان کوژراون و چوار سەربازی دیکەش برینداربون.
لە ئۆپراسیۆنەکەی سوپای تورکیا 2218 (دوهەزار و دوسەدو هەژدە) سەرباز بەشداریانکردوە کە پێکهاتون لەهێزەکانی کۆماندۆی جەندرمە، هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی جەندرمە (JÖH)، ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی پۆلیس (PÖH) و تیمەکانی پاسەوانی ئاسایش.
PM:08:21:11/02/2021
ئهم بابهته 3432
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت