مه‌حما خه‌لیل: وەک شنگالییەکان داواکارین هیچ هێزێکی ناشەرعی لەناو شنگالدا نەمێنێت

‌مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال

وێستگه‌ نیوز ـ
مەحما خەلیل قایمقامی شنگال رایده‌گه‌یه‌نێت، وەک شنگالییەکان داواکارن هیچ هێزێکی ناشەرعی لەناو شنگالدا نەمێنێت تا دەرگا نەکەنەوە و بیانوو نەدەن بە تورکیا و غەیری تورکیا پیلان و ئەجێندای خۆیان جێبەجێ بکەن.


مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "لەئێستادا دۆزی شنگال بوه‌تە دۆزێکی نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی، شنگال بەشێکە لە عیراق و سەر بەپارێزگای موسڵە، شنگال دەڤەرێکی وێران و جینۆسایدکراوە کێشەی شنگال کێشەیەک نیە لە نێوان پەکەکە و تورکیا بەڵکو کێشەیەکە لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە هیوادارین چارەسەر بکرێت، وەک دەبینین حکومەتی عیراقی بەپێی دەستوور دەبێت خۆی بکاتە خاوەنی شنگال و خەڵکی شنگال".


جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

دەربارەی ئەوەی لە حاڵەتی هێرشکردنە سەر شنگال لەلایەن تورکیاوە چی دەکەن؟ لەوەڵامدا مەحما خەلیل وتی: "وەک ئاماژەم پێکرد ئێمە بەشێکین لە عيراق، وەک خۆمان هیچ دەسەڵاتێکمان نیە حکومەتی بەغدا و پارێزگاری موسڵ دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، ئێمە وەک شنگالیەکان دەڵێین نابێت یەک کێشە بێتە ناو شنگال، شنگالیەکان دەبێت بگەڕێنەوە نەڕێگە بدرێت برایانی پەکەکە هێرش بکەن و نەڕێگە بدرێت تورکیا هێرش بکاتە سەر شنگال، دۆخی شنگال تەحەمولی هیچ کێشە و شەڕێکی تر ناکات".

مەحما خەلیل ئەوەشی وت: "پێشتر رێککەوتنێک لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجامدرا لەسەر شنگال بڕیاربوو لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە ئێمە وەک شنگالیەکان داوامانکردووە یەک چەکدار لەسەنتەری شارەکە نەمێنێت وە شنگال ببێتە ناوچەیەکی لەچەک داماڵراو".

مەحما خەلیل ئەوەشی وت: "وەک شنگالییەکان داواکارین هیچ هێزێکی ناشەرعی لەناو شنگالدا نەمێنێت تا دەرگا نەکەنەوە و بیانوو نەدەن بەتورکیا و غەیری تورکیا پیلان و ئەجێندای خۆیان جێبەجێ بکەن، داخوازم لە حکومەتی عيراقیش بەپێی یاسای دەستوری و مرۆڤایەتی خۆیان بکەنە خاوەنی شنگال چونکە شنگال تەحەمولی شەڕێکی تر ناکات".


AM:10:04:08/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 1712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو