توانا عوسمان: ئەگەری پەلاماردانی شنگال لەلایەن تورکیاوە بەهێزە

‌شنگال

وێستگەنیوز-

ڕۆژنامەنوسێکی سەربەخۆ رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی شنگال لاوازترین ئەڵقەی ئەو نفوزەیە کەتورکیا پێی وایە پەکەکە لەقەندیلەوە تاحەسەکە دروستیکردوە، ئەنقەرە دەخوازێت پێش ئەوەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەستبەکاربێت "دەستبوەشێنێت و هاوکێشەیەکی نوێ لەخۆرئاوای کوردستان بهێنێته ئاراوە"، لەسەر ئەو بنەمایەش  پەلاماردانی شنگال لەلایەن تورکیاوە ئەگەرێکی بەهێزە.

توانا عوسمان، ڕۆژنامەنوسی سەربەخۆ لەنوسینێکدا کەلە پەیجی فەرمی خۆی لەفەیسبوک بڵاویکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، "تورکیا پێی وایە پەکەکە نفوزێکی زنجیرەیی هەیە لەقەندیلەوە درێژ دەبێتەوە و بەشنگالدا تێدەپەڕێت بۆ دەیرزورو تا دەگاتە حەسەکە و لاوازترین ئەڵقەی ئەم زنجیرەیە شنگالە، چونکە جوگرافیەن هەم ناوەڕاستە، هەم لەمەیداندا پـارتی و عێراق لەناکۆکیدان لەگەڵ پەکەکەدا".

ئەوەشی خستوەتەڕو، " نازانم هەفتەی پێشوو وەزیری بەرگری تورکیا چی لەگەڵ بەغدا و هەولێر باسکردوه، بەڵام دڵنیام شنگال مەلەفێکی سەرەکی بوە، چونکە ئیدارەی نوێی بایدن کەچارەی ئاردۆغانی ناوێت مەبەستێتی لەگەڵ ئێران بگاتەوە لێکتێگەیشتن لەسەر مەلەفی ئەتۆمی، ئێران و پەکەکەش دۆستن یان لانی کەم ناکۆک نین".

لەبارەی ئامانجی تورکیاش لەو هێرشەدا توانا عوسمان نوسیویەتی، تورکیا ڕەنگە بیەوێت پێش جموجوڵی بایدن، دەستبوەشێنێت و هاوکێشەیەکی نوێ لەخۆرئاوای کوردستان بهێنێته ئاراوە، بەتایبەت تورکیا دەزانێت دانانەوەی برێت ماکگۆڕگ دیسانەوە بۆ قورسکردنەوەی پارسەنگی کوردە لەخۆرئاوا.


AM:12:20:29/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت