قاسم ئەعرەجی: قبوڵ ناكرێت لە هیچ هێزێكی چەكدار لە شنگال بمێنێتەوە


وێستگە نیوز-

قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایدەگەیەنێت، دەبێت رێككەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكرێت و ئاماژەی بەوەكرد، قبوڵ ناكرێت لە هیچ هێزێكی چەكدار لە شنگال بمێنێتەوە.

ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان تایبەت بەئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە بەپێی قۆناغەكان ڕێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت و سەرەتا دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە و دواتر ڕێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت.

سەبارەت بەدانانی قایمقامی نوێی شنگال، رێبەر ئەحمەد روونیكردەوە "ئێمە لەگەڵ حكومەتی عێراق ڕێككەوتووین كە قائیمقامێكی تازە بۆ شنگال ڕابگەیەندرێت و دواتر ناوەكەشی ڕادەگەیەنین"، ناوبراو وتیشی "دەبێت ئیدارە و ئاسایشی شنگال بدرێتەوە شنگال و دەبێ هاوڵاتیانی ڕەسەنی شنگالیش بگەڕێنەوە، ڕێككەوتووین لەسەر خشتەیەك بۆ كاتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە و نەتەوەیەكگرتووەكانیش چاودێڕی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە دەكات". 

دواتر قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، ئەو كۆبوونەوەیە بۆ نیشاندانی دڵسۆزی بووە بۆ ئەو ڕێككەوتنەی كراوە تایبەت بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال و وتی "ئەو شوێنە زۆر بەلامانەوە گرنگ و هەستیارە و بۆ ئەوەیە تاكو ژیانی مەدەنی بۆ بگەڕێتەوە و خەڵكەكەش بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و تیایدا بژین و هەمووانیش لە ئەماندا بن".

قاسم ئەعرەجی باسی لەوەكرد "قبوڵ ناكرێت لە هیچ هێزێكی چەكدار لە شنگال بمێنێتەوە و دەبێ بچنە دەرەوە و تەنها سوپای عێراقی لەو ناوچەیە دەمێننەوە و هەموو بەرپرسیارەتییەكیان دەبێت".


PM:07:12:17/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 1692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو