سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و سەرۆك كۆمار پشتگیری خۆیان بۆ رێككەوتنی شنگال دەربڕی


وێستگە نیوز-

سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری عێراق دوای كۆبوونەوەیان، راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و پشتگیریی خۆیان بۆ دوایین رێككەوتنی حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان دووپاتكردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 12-10-2020 لە دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، هەرسێ سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و سەرككۆماری عێراق كۆبوونەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێكی هاوبەشی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان و سەرۆككۆماری عێراق، كۆبوونەوە تایبەت بوو بە بارودۆخی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی. 
 
دەربارەی دۆخی عێراق و ئەو قەیرانە ئابوورییەی لە هەرێمی كوردستان دروستبووە، كۆبوونەوە "بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە ئەو بارە قورسە دارایی و ئەمنی و تەندروستییەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە و پشتیوانیی هەرێمی كوردستانی بۆ هەنگاوەكانی حكومەت و دامەزراوە دەستوورییە فیدراڵییەكان دووپاتكردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات، بەتایبەتی رەخساندنی كەشێكی سەقامگیر و لەبار بۆ كار و ئەركی نوێنەرایەتیی وڵاتانی دۆست و نێردە نێودەوڵەتییەكان لە عێراق."
 
رۆژی 09-10-2020 حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەغدا كۆبوونەوە و لەبارەی دۆخی ئاساییكردنەوەی شنگال رێككەوتن، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا باسی ئەم بابەتە كراوە و تێیدا هاتووە "كۆبوونەوە پشتگیریی خۆی بۆ دوایین رێككەوتنی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان دووپاتكردەوە، هەروەها هەموو هەوڵێكی گۆڕینی دیموگرافی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان رەتكردەوە و داوایكرد حكومەتی فیدراڵی عێراق میكانیزمی ئارامی و ئاسایشی ناوچە كێشە لەسەرەكان دەستەبەر بكات."
 
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە و پاراستنی بەرژوەندییەكانی خەڵكی كوردستان، "پێویستە سەرجەم لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان توانایان یەك بخەن و یەكڕیز و یەكهەڵوێست رووبەڕووی ئەم دۆخە هەستیارە و ئەگەرەكانی داهاتوو ببنەوە."
 
هەروەها رۆژی 08-10-2020، بەڕێوەبەری ئاسایشی سەرزێڕێ بە گولـلە كوژرا. لە كۆبوونەوەكەدا باسی ئەو بابەتەش كراوە و دەڵێن "كۆبوونەوە شەهیدكردنی ئەفسەری ئاسایش غازی ساڵخ ئالیخانی لە سنووری پارێزگای دهۆك شەرمەزار كرد."
 
وەك لە راگەیێندراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقی تاوتوێكراوە و كۆبوونەوەكە "پشتیوانیی خۆی بۆ زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنێكی سەركەوتووانە لە عێراق دەربڕی. 
 
ناوچە كێشە لەسەرەكان و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق، بەشێكی دیكەی كۆبوونەوە بوون و "هاوهەڵوێست بوون لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی ئەو ناوچانە و پاراستنی مافەكانی تەواوی پێكهاتەكان و گەرەنتیكردنی كەشێكی لەباری پێكەوەژیان لەو ناوچانه." 
 
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی هەنگاوەكانی گفتوگۆی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا و كۆبوونەوە پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵ و هەنگاوەكانی هەردوولا بۆ چارەسەری یەكجارەكیی كێشە و بابەتە هەڵواسراوەكان دەربڕی بە ئاراستەیەك كە تیایدا ماف و شایستە دەستوورییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عێراق بەگشتی پارێزراو بن.


PM:03:20:12/10/2020










ئه‌م بابه‌ته 2060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت