سبەی لە شەنگال خۆپیشاندان دەكرێت
هێزێكی یهكینهكانی بهرخودانی شنگال (یهبهشه) له شەنگال
وێستگەنیوز-
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شەنگال رایگەیاند، رێككەوتنی نێوان هەرێم و ناوەند بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی قەزاكە رەتدەكەنەوە و بە "بڕیاڕێكی سیاسی" دەزانن، بۆ ئەو مەبەستەش سبەینێ یەكشەممە لە ناوەندی شەنگال خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.
حەسۆ ئیبراهیم، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شەنگال بە (كەركوك ناو)ـی راگەیاندوە، "بەهیچ شێوەیەك و هیچ رێككەوتنێك قبوڵناكەین ئەگەر رای خەڵكی شەنگال وەرنەگیرێت، ئەمەی كراوە بڕیارێكی سیاسییە و زۆربەی خەڵکی شەنگال ئاگادارنین".
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شەنگال ئەنجومەنێكە بۆ ئیدارەدانی قەزای شەنگال پێكهێنراوە و بیروبۆچونیان نزیكە لە پەكەكەوە، هاوكات ژمارەیەك حزب و لایەنی سیاسی ئێزیدی و عەرەبی تیایدا بەشدارن و لە ئێستادا ئیدارەی قەزاكە دەدەن.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی سەرۆک وەزیران عێراق دوێنێ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەچاودێری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران رێککەوتنێکی "مێژویی" بەگوێرەی دەستور ئەنجامدراوە کە پێگەی دەسەڵاتی فیدڕاڵی لە قەزای شنگال بەهێز دەکات و کۆتایی بە پێگەی گروپە چەکدارییەکان دەهێنێت.
بەپێی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا ئیدارەیەكی نوێ بۆ شەنگال دادەنرێت، دۆسیەی ئەمنی ناو شار دەدرێتە دەست پۆلیسی ناوخۆیی و هێزە چەكدارەكانیش بەدوری 5 کیلۆمەتر لە دەرەوەی ناوەندی شەنگال جێگیردەبن. هەروەها پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ قەزاكە دەگەڕێتەوە و كار بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەكانیش دەكرێت.
PM:10:42:10/10/2020
ئهم بابهته 3212
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت