پەکەکە: ساڵانێکە شەنگال رادەستی خەڵکەکەی کراوەتەوە


وێستگەنیوز-
ئەندامێکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، ئەوانەی وابیردەکەنەوە رێککەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی شەنگال سەرکەوتنە بەسەر پەکەکەدا "لەهەڵەدان و ئەوە شکستهێنانی خۆیانە، چونکە دوای رزگارکردنەوەی ساڵانێکە شەنگال رادەستی خەڵکەکەی کراوەتەوە".

کاوە شێخ موس، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە ماڵپەڕی  (بغداد اليوم)ی راگەیاندوە، "رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا لەبارەی شەنگال پرسێکی ناوخۆییە و خەڵکی شەنگال بڕیار دەدەن کەئایا رێککەوتنەکە پەسەند دەکەن یان رەتیدەکەنەوە، چونکە ئەوە هێزەکانی پەکەکە و هاوپەیمانەکانی بون کە داعشیان لەو شارەدا تێکشکاند، ئەوەی ئێمە کردمان بە سوپای عێراق پێشمەرگە نەکرا".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوانەی وابیردەکەنەوە کە رێککەوتنەکە سەرکەوتنە بەسەر پەکەکەدا لە هەڵەدان و " ئەوە شکستهێنانی خۆیانە"، چونکە ماوەی چەندین ساڵە ئەوان ئیدارەی قەزاکەیان رادەستی خەڵکەکەی کردوە.

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی سەرۆک وەزیران عێراق دوێنێ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەچاودێری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران رێککەوتنێکی "مێژویی" بەگوێرەی دەستور ئەنجامدراوە کە پێگەی دەسەڵاتی فیدڕاڵی لە قەزای شنگال بەهێز دەکات و کۆتایی بە پێگەی گروپە چەکدارییەکان دەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو رێککەوتنە بەهەماهەنگی حکومەتی هەرێم جێبەجێدەکرێت و هاوکار دەبێت بۆ دوبارە بونیاتنانەوەی شارەکە و گەڕانەوەی دانیشتوانە رەسەنەکەی بۆ ناوچەکانیان.

پێشوتر و دوای رووداوه‌كانی ساڵی (2017)ـی هه‌رێمی كوردستان کە هێزەکانی هەرێم لەسنوری ناوچە دابڕاوەکان کشانەوە، لەسەر داواکاری خەڵکی شنگال بۆ دروستنەبونی گرژیی کە لەئیستادا چوار هێزی سەربازی باڵادەست لەو سنورەدا بونی هەیە، ئیداره‌كان كشانه‌وه‌ و لەئێستادا قەزاکە ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵیدایه‌.


PM:09:59:10/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 13280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت