کەناڵی ئاسمانیی ئەلحوڕە راگرتنی پەخش و لە کار ترازانی کارمەندەکانی راگەیاند
وێستگەنیوز_
دوای ئەوەی لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی بڕینی بودجەی فیدراڵی، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ئازاردا بڕیاریدا کۆتایی بە هەموو ئەو هاوکارییە داراییانە بهێنێت، کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن دابیندەکران، ئەمڕۆ کەناڵی ئاسمانیی ئەلحوڕە کە بە زمانی عەرەبی پەخشی دەکرد و ماوەی 21 ساڵ بوو لەلایەن ئەمریکاوە دامەزرابوو، راگرتنی پەخش و لە کار ترازانی کارمەندەکانی راگەیاند.
هۆکاری داخستنی ئەلحوڕە دەگەڕێتەوە بۆ راگرتنی یارمەتییە داراییە دەرەکییەکانی ئەمریکا بە بڕیاری ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە.
جێفری گێدمین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆڕەکانی پەخشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەلحوڕە و دەزگا میدیاییە عەرەبییەکانی دیکەش لەخۆدەگرێت، دەڵێت: "بڕینی بودجەکەیان لەناکاو و نایاسایی بووە."
بە وتەی گێدمین، "میدیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆراک لە دژە ئەمریکایی بوونەوە وەردەگرێت؛ و داخستنی ئەلحوڕە رێگا بۆ نەیارانی ئەمریکا و توندڕەوە ئیسلامییەکان خۆشدەکات، بەردەوامبن لە دژایەتیکردنی زیاتری ئەمریکا."
بەشی کارگێڕی کەناڵی ئەلحوڕە رایگەیاندووە، پەخشەکەیان هەفتانە لە 22 وڵاتی جیهانەوە زیاتر لە 30 ملیۆن بینەری هەبووە، لەمەودواش هەوڵ دەدەن لە سایتەکەیاندا بەردەوام بن لە کارکردن.
کەناڵی ئەلحوڕە لە ساڵی 2004 لەلایەن بەشی هاوکارییە دەرەکییەکانی حکومەتی ئەمریکاوە بودجەی بۆ دابیندەکرا و دامەزراوە، بەڵام بەپێچەوانەی دەنگی ئەمریکا، خۆی وەکو میدیای حکومەتی ئەمریکا ناناسێنێت، بەڵکو وەکو میدیای بێلایەن و ئازاد خۆی پێناسە کردووە.
PM:02:55:13/04/2025
ئهم بابهته 688
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت