سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: هێزه‌كانی پارتی له‌نیوه‌شه‌ودا خه‌ڵكی شنگالیان به‌جێهێشت
وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه هێزه‌كانی سه‌ر به پارتی دیموكراتی كوردستان به نیوه‌ی شه‌و خه‌ڵكی شنگالیان جێهێشت، ده‌شڵێت: " رێكه‌وتننامه‌ی شنگال گوماناوییه".
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 3ی ئابی 2024 له یادی 10 ساڵه جینۆسایدی ئێزدییه‌كان و هێرشی چه‌كدارانی داعش بۆسه‌ر شنگال وتی: "به‌داخه‌وه كاره‌ساتی شه‌نگال روویدا، هێزه‌كانی سه‌ر به پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ره‌نگارنه‌بوونه‌وه ده‌بوایه خه‌ڵكی شنگالیان ئاگاداربكردایه‌ته‌وه له‌و هێرشه، نه‌ك نیوه‌ی شه‌و به‌ته‌نها جێیان بهێڵن".
وتیشی: "بڕیار وابوو، لیژنه‌یه‌ك ئاماده‌بكرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و به‌رپرسانه‌ی كه‌مته‌رخه‌مبوون به‌رامبه‌ر به ئه‌ركه‌كانیان و جێهێشتنی خه‌ڵكی شنگال، به‌ڵام تا ئێستا كه‌س نازانێت ئه‌نجامی ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه چی بوو".
وته‌بێژی یه‌كێتی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه "باشتر وایه له جێگه‌ی رشتنی فرمێسكی تیمساحی بۆ قوربانییانی شنگال، ئه‌نجامی لیكۆڵینه‌وه‌كان بڵاوبكرێنه‌وه".
باسی له‌وه‌شكرد كه "یه‌كێتی به هێزێكی زۆر كه‌م و به هاوكاری هه‌ندێك هێز و خه‌ڵكی كه‌می ناوچه‌كه، ئه‌وه‌ی توانیان كردیان بۆ پاراستنی به‌شێك له‌و خه‌ڵكه‌ی له شنگال مابوون و برانه چیای شنگال".
له‌باره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی شنگالیشه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه "پێویست به بڕیارێكی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات بۆ پاراستنی ئێزدییه‌كان له‌و مه‌ترسییانه‌ی له داهاتوودا ده‌كه‌وێته سه‌ریان".
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره راشیگه‌یاند كه "رێكه‌وتننامه‌ی شنگال گوماناوییه و دانی پێدانانێن و وه‌ك ئه‌وه‌وایه كه "مه‌ڕه‌كان به گورگ بسپێرین. یه‌كێتی به هیچ رێككه‌وتننامه‌یه‌ك قایل نابێت، ئه‌گه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی شه‌نگال نه‌بێت".
PM:12:57:03/08/2024
ئه‌م بابه‌ته 2016
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت