یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە سهردانی ههرێم دهكات
وێستگه نیوزـ
دوێنێ چوارشەممە، 15-05-2024، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە گهیشته بهغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوەوە، بڕیاریشە ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ بهرپرسانی هەرێ کۆببێتەوە.
لهبارهی سهردانی ئهو بهرپرسهی ئهمریكا، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە (ئەپیکور) پێی وایه ئهو سهردان و كۆبونهوانه ئاماژەیە بۆ درێژەدان بە هەوڵەکانی سەرکردایەتیی ههرێم و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا.
مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی ئەپیکور ئاماژەی بەوەکرد، "سەردانی پایت بۆ بەغدا و هەولێر جەخت لەسەر گرنگیی دەستبەجێ و کاری هاوبەش لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا دەکاتەوە و کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکوریش پەرۆشی چارەسەرکردنی ئەو چەقبەستووییە دەکەین."
کۆمەڵەی ئەپیکور كه لە 8 کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی کوردستان پێکدێن و لە ساڵی 2023 دامەزراوه، له راگهیهندراوهكهیدا دەڵێت، "ئێمە تێدەگەین کە دیدارەکانی پایت لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان درێژەپێدەری گفتوگۆکانی ئەمدواییەیە کە لە واشنتن و کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەڕێوەچوون."
ئەپیکور ئاماژە بەوە دەکات کە توانا بەکارنەهاتووەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، بۆ عێراق یارمەتیدەر دەبێت، "تا دەستبەجێ ئامانجە کورتخایەن و درێژخایەنەکانی لە بواری هەناردەکردنی نەوتدا بەدەستبهێنێت."
کۆمپانیاکانی ئەندامی کۆمەڵەی ئەپیکور دوپاتی دەکەنەوە ئامادەن هەناردەکردن دەستپێبکەنەوە، "ئەمەش بەندە بە گەیشتن بە رێککەوتن کە گەرەنتی پارەدان بۆ هەناردەکردنی رابردوو و داهاتوو و پاراستنی مافی کۆمپانیاکان دابین بکات لەڕووی بازرگانی و ئابوورییەوە. دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت سوودی بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراق و ئێمەش دەبێت."
ئهوهش لهكاتێكدایه بە بڕیارێکی دادگەی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە 25ی ئاداری 2023ەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیراوە، ئەپیکور ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە تائێستا 14 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیان بە داهاتی عێراق گەیشتووە.
AM:10:30:16/05/2024
ئهم بابهته 900
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت