د.هه‌ڤاڵ‌ ئه‌بوبه‌كر: میرو گوزیر ئەم هەموو جەژن و یادو شین و شادییانە بکەن به‌ده‌رفه‌تی ئاشتی


وێستگه‌نیوز-
پارێزگاری‌ سلێمانی‌ رایگه‌یاند كه‌ جه‌نگێكی جیهانیی رانه‌گه‌یه‌ندراو له‌ به‌رده‌می ماڵه‌كانماندایه‌ و تكاكاره‌ كه‌ "ئه‌مجاره‌یش؛ میرو گوزیر به‌ نگینی موڵكی سلێمانی و كوردستانه‌وه‌ مه‌كه‌ن و ئه‌م هه‌موو جه‌ژن و یادو شین و شادییانه‌ بكه‌ن به‌ده‌رفه‌تی ئاشتیی و یه‌كبونی نیشتمانیی".


د.هه‌ڤاڵ‌ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری‌ سلێمانی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك نووسیویه‌تی‌: "جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان ته‌واوبوو، یادی ئه‌نفاله‌، دوای ئه‌ویش جه‌ژنی قوربانه‌، جه‌نگێكی جیهانیی ڕانه‌گه‌یه‌ندراو له‌ دنیادا؛ به‌رپابووه‌، ئاگره‌كه‌ی له‌ ئۆكرانیا هه‌ڵگیرسا، به‌زۆر شوێندا تێپه‌ڕی، گه‌یشته‌ فه‌له‌ستین، دواتر سوریاو لوبنان، ئێستا له‌ به‌رده‌می ماڵه‌كانماندایه‌".

د.هه‌ڤاڵ‌ ئه‌بوبه‌كر ده‌ڵێت: "وزه‌، زه‌وی كشتوكاڵیی و به‌رهه‌مه‌ خۆراكییه‌كان، ئاوو ژینگه‌، سه‌رچاوه‌كانی كه‌ره‌سته‌ی خاو، ده‌ست و هێزی كرێكار، به‌رهه‌م و بازاڕ، چه‌كی عه‌مباركراو، چه‌كه‌ ئه‌تۆمیی و كۆكوژه‌كان، ڕێڕه‌وی نوێی بازرگانیی؛ له‌ زۆربه‌ی زۆری ئه‌م جیهانه‌دا؛ له‌ قه‌یراندان".

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "هه‌موو ئه‌مانه‌ بۆ جیهان؛ هه‌ڕه‌شه‌ن، له‌ كوردستاندا؛ ده‌رفه‌تن، ته‌نها ئه‌گه‌ر یه‌كبونێكی نیشتمانیی و سه‌رێكی كۆكه‌ره‌وه‌و بیرێكی وردو تیژو دورو ژیرو ئه‌زمونمه‌ند؛ هه‌بێت و، به‌رنامه‌و ڕۆژه‌ڤ وستراتیژێكی یه‌كگرتووی نیشتمانیی كوردستانیی هه‌بێت".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ هه‌روه‌ها "خۆمان تێكه‌ڵی ئه‌جێنداو پیلان و ململانێ و شه‌ڕه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌ڵه‌تییه‌كان نه‌كه‌ین، ئاگره‌كه‌ نامانسوتێنێت و پارێزراوده‌بین و له‌ به‌شێك له‌ پاشكۆی كێشه‌كانه‌وه‌، ده‌بین به‌سه‌رچاوه‌ی چاره‌سه‌ر".

پارێزگاری‌ سلێمانی‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "تكایه‌ ئه‌مجاره‌یش؛ میرو گوزیر به‌ نگینی موڵكی سلێمانی و كوردستانه‌وه‌ مه‌كه‌ن؛ قه‌دری بزانن، ئه‌م هه‌موو جه‌ژن و یادو شین و شادییانه‌ بكه‌ن به‌ده‌رفه‌تی ئاشتیی و یه‌كبونی نیشتمانیی و هه‌ر برینێك كه‌ له‌ دڵدایه‌؛ ساڕێژی بكه‌ن".



AM:11:38:13/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت