سه‌فین مه‌لا قه‌ره: پێموانیه پارتی بچێته ژێر باری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌وه
سه‌فین مه‌لا قه‌ره، ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان
وێستگه‌نیوز-
ئه‌ندامێكی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، گه‌ر پارتی بایكۆت بكات و به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌كات، پێناچێت ڕێگه به ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه له هه‌ولێر و دهۆك بدات.
سه‌فین مه‌لا قه‌ره، ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌ندامی وه‌فدی حزبه‌كه‌ی بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، به ده‌نگی ئه‌مریكای وت: "وه‌فدی پارتی له‌گه‌ڵ ئێمه باسی ڕێگریكردنیان له هه‌ڵبژاردن نه‌كرد، به‌ڵام گه‌ر به‌شداری نه‌كه‌ن، پێموایه ناهێڵن هه‌ڵبژاردن له هه‌ولێر و دهۆك ئه‌نجام بدرێت".
ڕۆژی 20 ی مانگی 3 ی 2024، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌لینا ڕۆمهنسكی باڵیۆزی ئه‌مریكا له عێراق كۆبوویه‌وه، بارزانی ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه بایكۆتی هه‌ڵبژاردنیان كردبێت، به‌ڵام جه‌ختیكردووه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنێكی پاك و دوور له ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كییه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له حاڵه‌تی ڕێگریكردندا له هه‌ڵبژاردن تا چه‌ند ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه هه‌یه، سه‌فین مه‌لا قه‌ره ده‌ڵێت: "پێناچێت هه‌ڵبژاردن له سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌ڕێوه‌بچێت گه‌ر له هه‌ولێر و دهۆك نه‌كرێت، به‌ڵام گه‌ر پارتی ڕێگری بكات، عێراق و دادگا هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن".
ڕۆژی 18 ی مانگی 3 ی 2024، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداری نه‌كردنی له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ڕاگه‌یاند، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه گێڕایه‌وه نایانه‌وێت به‌شداربن له پرۆسه‌یه‌كدا كه نایاسایی، ناده‌ستوری و له سایه‌ی سیستمێكی سه‌پێنراودا بێت.
ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌كاتێكدایه، ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024 وه‌كو واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكراوه و هه‌ڵبژاردنه‌كه له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
سه‌فین مه‌لا قه‌ره ده‌ڵێت: "پێموانیه پارتی بچێته ژێر باری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌وه، گه‌ر هه‌ڵبژاردنیش ئه‌نجام نه‌درێت كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت و دام و ده‌زگاكانی هه‌رێم ده‌كه‌ونه بۆشایی ده‌ستورییه‌وه".
ڕۆژی 19 ی مانگی 3 ی 2024، وه‌فدێكی باڵای مه‌كته‌بی سیاسی پارتی سه‌ردانی بۆ لای حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌ستپێكردو له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆبوونه‌وه.
سه‌فین مه‌لا قه‌ره، كه به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی نێوان پارتی و گۆڕانی كرد وتی: "پارتی هیچ داواكارییه‌كیان نه‌بوو، ڕوونكردنه‌وه‌یان دا له‌سه‌ر هۆكاری به‌شداری نه‌كردنیان له هه‌ڵبژاردن، وتیان ئێمه هه‌ڵبژاردنی پاك و بێگه‌ردمان ده‌وێت و گومانمان هه‌یه له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه پاك بێت".
وتیشی: "پارتی وه‌ڵامی ئێمه‌یان نه‌ویست، ته‌نها بۆ پێدانی روونكردنه‌وه سه‌ردانی حزب و لایه‌نه‌كانیان كرد".
ڕۆژی 21 ی مانگی 2 ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، شێوازی هه‌ڵبژاردنی له یه‌ك بازنه‌ییه‌وه بۆ چوار بازنه‌یی گۆڕی و 11 كورسی پێكهاته‌كانی لابرد‌و ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی له 111 كورسییه‌وه بۆ 100 كورسی كه‌مكرده‌وه.
PM:05:41:21/03/2024
ئه‌م بابه‌ته 2548
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت