له‌ كه‌ركوك منداڵێك گیانی له‌ده‌ست دا و خێزانه‌كه‌ی ده‌ڵێن به‌هۆی "ئه‌ندۆمی"یه‌وه‌ بووه‌


وێستگه‌نیوز-
له‌ قه‌زای‌ داقوقی‌ سه‌ر به‌ شاری‌ كه‌ركوك، منداڵێكی‌ كچی‌ ته‌مه‌ن پێنج ساڵ‌ گیانی‌ له‌ده‌ست دا و به‌وته‌ی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ به‌هۆی‌ "ئه‌ندۆمی"یه‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ست داوه‌.


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2023 كچێكی‌ ته‌مه‌ن پێنج ساڵ پێش گه‌یاندنی به‌ نه‌خۆشخانه‌ی داقوق گیانی له‌ده‌ست دا.

باوكی‌ كچه‌كه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) دەڵێت: "كچه‌كه‌م روئا یوسف ئه‌لسومه‌یده‌عی، له‌ شه‌وی رابردووه‌وه‌ باری ته‌ندروستی تێكچوو و توشی سكچوون و رشانه‌وه‌ بوو".

وتیشی‌"كچه‌كه‌م دوای ئه‌وه‌ی ئێواره‌كه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ ئه‌ندۆمی خوارد، ئیتر به‌ چه‌ند كاتژمێرێك ئاوای لێهات".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئه‌ویش هاوشێوه‌ی كچه‌كه‌ی "دوای خواردنی ئه‌ندۆمی باری ته‌ندروستی تێكچووه‌".

خێزانه‌كه‌ی ئه‌و منداڵه‌ "روئا یوسف ئه‌لسومه‌یده‌عی" له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئاشتی داقوق له‌ باشوری كه‌ركوك نیشته‌جێن.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ته‌ندروستی له‌وباره‌وه‌ ئاشكرایكرد كه‌ "ئه‌و منداڵه‌ كاتێك گه‌یه‌ندرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستدابوو".

سه‌رچاوه‌كه‌، بێ ئه‌وه‌ی هۆكاری مردنه‌كه‌ی بخاته‌ڕوو، ته‌نیا وتی: "ره‌نگه‌ به‌هۆی ئه‌ندۆمییه‌كه‌وه‌ ژه‌هراوی (ته‌سه‌موم) بووبێت".

ته‌رمی ئه‌و كچه‌ منداڵه‌ بۆ پشكنین ره‌وانه‌ی پزیشكی دادوه‌ری كه‌ركوك كراوه‌ و به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی، چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی پشكنینه‌كه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكاری مردنه‌كه‌ی.

ئه‌ندۆمی ژه‌مێكی سوك و خێرایه‌، به‌پێی زۆرینه‌ی توێژینه‌وه‌ پزیشكییه‌كان، به‌هۆی ئه‌و پێكهاتانه‌ی له‌ دروستكردنیدا به‌كاردێن خۆراكێكی "ناته‌ندروسته‌ و زیانی هه‌یه‌".


PM:11:50:26/12/2023




ئه‌م بابه‌ته 4940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت