لێدوانی پارێزگاری سلێمانی لەبارەی پشووی سبەینێ


وێستگه‌ نیوزـ

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی پێشبینییەکان بۆ ئەگەری هاتنی شەپۆلێکی چڕی بارانبارین لە ئەمشەودا، دەسەڵات بە سەرۆکی سەرجەم یەکە کارگێڕییەکان دراوە بەوەی لەئەگەری دروستبوونی لافاو دەوامی سبەینێ بکەن بە پشوو.

ماڵپه‌ڕی BMC له‌زاری هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی بڵاویكرده‌وه‌: سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی راسپێدراون بەوەی بە وردی چاودێری دۆخەکە بکەن و لە خزمەتی تەواوی هاوڵاتییان و باردوخەکەدا بن.

پارێزگاری سلێمانی وتویه‌تی: دەسەڵات بە سەرۆکی سەرجەم یەکە کارگێڕییەکان دراوە کە بە پێی بارودۆخی کەشناسی و هەڵکەوتەی جوگرافییان هەر بڕیارێک بدەن، کە پێویست بکات و لە بەرژەوەندی هاوڵاتییانی ناوچەکە.

باسكردن له‌ راگه‌یاندنی پشووی سبه‌ینێ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و عێراق بارانبارین دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکرێت لە درەنگانی شەودا کاریگەرییەکەی بەسەر ناوچەکە زیاتر بێت، لە چەند پارێزگایەکی عێراقیش لە ترسی دروستبوونی لافاو دەوامی سبەینێ کراوە بە پشوو.


PM:06:08:19/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 6312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت