هه‌واڵگریی توركیا: به‌رپرسێكی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال كوژرا


وێستگه‌ نیوزـ

له‌مكاته‌دا كه‌ وه‌زیری به‌رگریی عێراق به‌ سه‌ردانێك له‌ توركیایه‌، ده‌زگای هه‌واڵگری تورکیا به‌ ئامانجكردنی به‌رپرسێكی په‌كه‌كه‌ی له‌ شنگال راگه‌یاند.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی، ده‌زگای هه‌واڵگریی توركیا رایگه‌یاند: له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كی تایبه‌تدا ئیلیاس برۆ عه‌لی به‌رپرسی تیمی نیشانه‌ شكێنی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال كوژرا، وه‌ك ده‌زگاكه‌ش وتویه‌تی: "لە لێدانی پێگەی تیرۆریستان لە عێراق یاخوود سووریا بەردەوام دەبین."

له‌ نوێترین هه‌ڵوێستیشدا، سەرۆکایەتیی كۆماری تورکیا رایگه‌یاند، "بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە باکوری عێراق و باکوری سوریا" و ده‌شڵێت: "سازش لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەمان ناکەین."

له‌ ئێستادا وەزیری بەرگری عێراق لە ئەنقەرەیە و وەزارەتی بەرگری تورکیاش هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی وشکانی دەکات، پێشتریش هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگه‌یاندبوو: ئه‌و دوو كه‌سه‌ی هێرشه‌كه‌ی ئه‌نقه‌ره‌یان ئه‌نجامدا، لە سوریاوە هاتوون و فیدان هۆشداریشی دا و وتی: تەواوی دامەزراوەکانی پەکەکە لە عێراق و سوریا ده‌كه‌نه‌ "ئامانجی ره‌وا"ی خۆیان.

ئه‌م پیًشهاتانه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 01-10-2023، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە نزیک وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە تەقینەوەیەک روویداو هێرشەکە لەلایەن دوو کەسەوە ئەنجامدرا کە یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و ئەوی دیکەشیان کوژرا، دواتریش پارتی كرێكارانی كوردستان به‌رپرسیارێتیی خۆی له‌و هێرشه‌ راگه‌یاند.


PM:04:49:06/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 2564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو