نێچیرڤان بارزانی: كێشه‌ی ‏جددی له‌به‌رده‌م چاكسازی و یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه‌


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمان له‌ عێراق و سووریا تاوتوێی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یان كرد و جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی جددی له‌به‌رده‌م چاكسازی و یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی‌ پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه‌.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 21ی‌ ئه‌یلولی‌ 2023 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی ‏كوردستان پێشوازی له‌ ژه‌نه‌راڵ جۆول ڤاوڵ، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی ‏هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سوریا و شاندێكی یاوه‌ری كرد.‏
 
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، دوایین پێشهاته‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانی ‏داعش له‌ عێراق و سوریا، پرۆسه‌ی چاكسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و دوایین ‏هه‌نگاوه‌كانی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و گرفته‌كانی به‌رده‌می تاووتوێ ‏كران.‏
 
له‌  كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "هه‌م له‌ عێراق و هه‌م له‌ سوریاش، ده‌بێ ‏هه‌موو لایه‌نه‌كان هاوكار بن بۆ رێگه‌گرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش كه‌ هێشتا ‏هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌قینه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌. هه‌ر ‏له‌مباره‌یه‌وه‌ هاوڕا بوون كه‌ ده‌بێ ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ستی داعش رزگار ده‌كرێن، یان ‏كه‌مپه‌كان جێده‌هێڵن، شیاندنیان بۆ بكرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ نێو كۆمه‌ڵگه‌، هه‌روه‌ها ‏تیشكیان خسته‌ سه‌ر چۆنیه‌تیی رێگریكردن له‌ توندڕه‌وی‏".
 
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ له‌ پرۆسه‌ی ‏چاكسازی و یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌دا "وێڕای هه‌ندێ پێشكه‌وتن، به‌ڵام كێشه‌ی ‏جددی له‌به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌دا هه‌ن و پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێن".

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، "‏نێچیرڤان بارزانی، پابه‌ندیی هه‌رێمی كوردستانی به‌ به‌رده‌وامیی كاركردن بۆ ‏سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌ و یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌، دووپات كرده‌وه‌".
 
له‌ هه‌رێمی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان خاوه‌ن هێزی خۆیانن كه‌ ئه‌وانیش یه‌كه‌كانی 70 و 80ن. وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش خاوه‌نی 22 لیوایه‌ كه‌ ژماره‌یان به‌ فه‌رمی 44 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت. دوو له‌و لیوایانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی دوو لیوای هاوبه‌ش بۆ پاراستنی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌چنه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق.


PM:05:01:21/09/2023






ئه‌م بابه‌ته 1628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت