وەزارەتی ناوخۆ: دوای ساڵێک لەرێککەوتنی شنگال هیچ هەنگاوێكی كرداری لە سەر زەوی بەدی نەكراوە


وێستگەنیوز-

وەزارەتی ناوخۆی ‌حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ماوەی ساڵێك تێپەر دەبێت بە سەر واژۆكردن و راگەیاندنی رێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال، كە پاش چەندین كۆبوونەوە وسازان ولێك تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان حكومەتی هەرێم وحكوومەتی فیدراڵی ئەنجام دراوە، بەڵام تائێستا ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە کە چوونەدەرەوەی " چەکدارانی پەکەکە وكۆمەڵێك گرووپی چەكداری بەدەر لە یاسا" جێبەجێنەکراوە و ئەوەش بووەتە ئاستەنگی لەبەردەم گەڕانەوەی ئێزدییەکان و بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیدانی پەرلەمانی عێراق.

وەزارەتی ناوخۆی ‌حكومەتی هەرێمی كوردستان لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "ماوەی ساڵێك تێپەر دەبێت بە سەر واژۆكردن و راگەیاندنی رێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی باردودۆخی شنگال، كە پاش چەندین كۆبوونەوە وسازان ولێك تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان حكومەتی هەرێم وحكوومەتی فیدراڵی وبە چاودیری وسەرپەرشتیی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، ئەنجام دراوە. حكوومەتی هەرێمی كوردستان ولە پێناو بەرژەوەندی گشتی، هەموو نەرمییەكی نواندووە بۆ گەیشتن بەو رێككەوتننامە لە پێناو ئاسایی کردنی بارودۆخی شنگال و رەخساندنی كەشی گونجاو بۆ گەڕانەوەی  خوشک وبرا ئێزیدییەکانمان بۆ سەر زیدی باب وباپیرانیان".

ئەوەش هاتووە، "هەر چەندە هەم لە كاتی گفتوگۆكاندا وهەمیش لە كاتی ئیمزا كردن وراگەیاندنی رێككەوتنەكە، بە ئاشكرا رامانگەیاندووە كە ناوچەی شنگال لە پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكۆتەبەرەوە كەوتۆتە دەست چەکدارانی پەکەکە وكۆمەڵێك گرووپی چەكداری بەدەر لە یاسا کە رێگر بوونە لە گەڕانەوەی ئاوارەكان وئیدارەی شەرعی بۆ ناوچەكە، كە چی پاش ساڵێك لە ئیمزا كردنی ئەو رێككەوتننامەیە دەبینین كە ناوچەكە زیاتر كەوتۆتە ژێر دەستی ئەو گرووپە چەكداریانە وهێزەکانی ئەمنیی فیدڕاڵی بێ توانا لە بەرامبەریان دەردەكەون، هەر وەك لە رۆژانی رابردوو دا گرووپەكانی سەر بە پەكەكە ولە پێش چاوی هێزە عیراقییەكانەوە رێگریان كردووە لە چوونی كاندیدانی پەرلەمانی عیراق بۆ ناوچەكە ومافی بانگەشەی هەڵبژرادنیان لێ زەوت كردوون".

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، "بە داخەوە رادەگەیێنین كە پاش ساڵێك لە واژۆكردنی رێككەوتنامەی شنگال، هیچ هەنگاوێكی كرداری لە سەر زەوی بەدی نەكراوە ورۆژ بە رۆژ گرووپەكانی سەر بە پەكەكە وبە چاوپۆشی دەزگا ئەمنییەكانی عیراق پێگە ودەسەڵاتی خۆیان لەو ناوچەیە موكم تر دەكەن، بۆیە بە رای گشتیی ناوخۆیی وجیهانی رادەگەیێنین کە ماوەی بەردەم جێ بە جێ كردنی رێككەوتننامەی شنگال هەروا بە كراوەیی نیە وئەم هەموو كات بە فێروو دانە خزمەتی هیچ لایەنێك ناكات وزەرەرمەندی سەرەكیی جێ بە نەجێ كردنی رێككەوتننامەكە تەنیا هاوڵاتییانی ناوچەكە وسەروەریی نیشتمانیی عیراقە."

ئەوەش خراوەتەڕو، داوا لە حكوومەتی فیدڕالی دەكەن بە ئەركی خۆیان هەڵبستن ورێككەوتننامەی شنگال جێ بە جێ بكەن، هەروەها داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان وكۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەن كە بەردەوام بن لە بەدواداچوونی جێ بە جێ كردنی رێككەوتننامەكە، چونكە ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وهەموو لایەكە "مافی گەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال زامن بكرێت وكوتایی بە باری نا ئاسایی وسەپینراو بە سەر ناوچەكە بهێنرێت."


PM:11:36:06/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 6616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت