وەزیری ناوخۆی: رێککەوتنی شەنگال لەگەل حکومەتی فیدڕالی پێویسته بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە


وێستگه‌ نیوز-
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داخوازین له حکومەتی عێراق و وڵاتانی جیهان وەکو پێویست مامەڵە لەگەل جینوسایدی ئێزیدییەکان بکات.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان لەساڵیادی داگیرکردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە ڕایگەیاند، "ئێمە وەکو حکومەتی هەرێم هەوڵی جددیمان داوە لەسەر پرسی جینۆسایدی ئێزیدییەکان، بەهاوکاری لەگەل تیمی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق و حکومەتی فیدڕاڵی".

 وەزیری ناوخۆ لە كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامەنووسیدا ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە کە بیر لە داهاتووی خەڵکی شەنگال بکەینەوە، کە ماوەی حەوت ساڵە لە کەمپی ئاوارەکاندا لە هەرێم ژیان بەسەر دەبەن.

ده‌شڵێت، "ئێمە رێککەوتنی شەنگالمان لەگەل حکومەتی فیدڕالی کردوە و پێویسته ئەو ڕێکەوتنە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە چونکە تاوەکو ئێستا کارا نەکراوە، رێککەوتنی شەنگال ڕێگایەکە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال هەروەها دەبێت ئەو هێز و چەکدارە نایاساییانە ناوچەکە چۆڵبکەن بۆ ئەوەی سەربەرزی و رێز بۆ ئەو خەڵکە بگەڕێتەوە".

لەرۆژی 3ی ئابی 2014دا، گرووپی چەکداری داعش هێرشیانکردەسەر قەزای شەنگال و سەرباری روخاندنی زۆرێک لە خانوو و بیاناکانی شارەکە و تەقاندنەوەی پەرستگا ئایینییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی قەزاکەیان کوشت و هەزاران ژن و کچی ئێزیدییان رفاند و تائێستا چارەنووسی بەشێکیان دیار نییە.


PM:03:48:03/08/2021


ئه‌م بابه‌ته 4984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت