لاهور شێخ جهنگى: هاوکاری ئێزدییەکان و خەڵکی شنگال دهكهین بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان
وێستگه نیوز-
هاوسهرۆكى یهكێتى نیشتمانى كوردستان رایدهگهیهنێت، بەڵێن دووپات دەکەینەوە بۆ پشتیوانیکردن و هاوکاریکردنی ئێزدییەکان و خەڵکی شنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، هاوکات داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکات کە قەرەبووی مادی و مەعنەوییان بکاتەوە و ناوچەکە ئاوەدان بکرێتەوە.
لاهور شێخ جهنگى، هاوسهرۆكى یهكێتى نیشتمانى كوردستان له پهیامێكدا بهبۆنهى ساڵڕۆژى ئاوارهبوون و جینۆسایدكرنى خهڵكى شهنگال و ئێزیدییهكان به دهستى چهكدارانى داعش رایگهیاند،حەوت ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، لەسەر لوتکەی بەرزترین چیاکانی کوردستان، گوڵی شنگال هەڵوەرێنرا، سەدان هەزار منداڵ و کچ و گەنج و پیری ئێزدی لە شنگال کەوتنە بەر شاڵاو و پەلاماری چەکدارە تیرۆریستە دڕندەکانی داعش و جینۆساید کران، کە بۆ هەمیشە بە ڕۆژێکی ڕەش لە مێژووی پڕ قوربانیی ناوچەکەدا دەمێنێتەوە و خەم و ئازار و برینی قووڵی ئەو تاوانەش لە دڵ و دەروونی هەموو شنگالییەکان و خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی جیهان بە ئاسانی ساڕێژ نابێت.
رونیشیكردهوه، ئەمڕۆ، کە ساڵیادی کارەساتی شنگال دەکەینەوە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەشێکی زۆر لە خوشک و برا ئێزدییەکانمان، لە ئاوارەیی و دەربەدەری و کامپەکاندا ژیانێکی پر لە ئازار بە ڕێ دەکەن و ناوچەکەشیان بەهۆی ململانێی نێوخۆیی و دەرەکییەوە، سەقامگیری بۆ نەگەڕێندراوەتەوە.
دهشڵێت، لەم ڕۆژەدا بەڵێن دووپات دەکەینەوە بۆ پشتیوانیکردن و هاوکاریکردنی ئێزدییەکان و خەڵکی شنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، هاوکات داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین کە قەرەبووی مادی و مەعنەوییان بکاتەوە و ناوچەکە ئاوەدان بکرێتەوە و کاری جدی بکرێت بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنەکان و ڕزگارکردنی رفێندراوان و چیتر ڕێگە نەدرێت بەهۆی ململانێکانەوە شنگال بە ناسەقامگیری بمێنێتەوە و خەڵکی ڕەسەن و دڵسۆزی ناوچەکەش پشکی گەورەیان پێبدرێت لەناو هێزە ئەمنییەکاندا بۆ پاراستنی شنگال.
هاوکات ئاماژهى بهوهشكرد، داوا دەکەین، ئەو کەس و لایەنانەی بەرپرس بوون لە ڕوودانی کارەسات و جینۆسایدکردنی شنگالیەکان، ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
ههروهها سوپاسی دڵسۆزی و نەبەردیی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی دژەتیرۆر و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و بەرخۆدانی چەکداری بکەم کە بە پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانیان ئێزدییەکانی چیای شنگال بپارێزن و ئەفسانەی داعش تێکبشکێنن .
PM:03:11:03/08/2021
ئهم بابهته 5652
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت